راچڵەكین -
وەزارەتی نەوتی عیراق گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیای شیڤرۆن-ی ئەمریكی واژۆكرد بەمەبەستی پەرەپێدانی چەند بلۆكێكی نەوتی.
ئەمڕۆ سێشەممە 19-8-2025 لە بەغدا، بە چاودێریی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای شیڤرۆن-ی ئەمریكی، گرێبەستێكیان واژۆكرد بۆ پەرەپێدانی ژمارەیەك بلۆكی نەوتی لەسنووری پارێزگای ناسڕیە لە باشووری عیراق.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عیراق، محەمەد شیاع سودانی لەمیانی پێشوازیكردنی لە فرانك ماونت، جێگری سەرۆكی كۆمپانیای شیڤرۆن و شاندێكی یاوەری، رایگەیاند: حكومەت بە شێوازێكی جیاواز مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییە گەورەكانی جیهان و وەبەرهێنانیان لەعیراق دەكات، بەتایبەتی كۆمپانیاكانی ئەمریكا.
سودانی وتیشی:" پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەمریكا پەیوەندیی ستراتیجین و حكومەتیش كاری كردووە بۆ هێنانی كۆمپانیا بیانییەكان بەمەبەستی كاركردن لە عیراقدا لەبوارەكانی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز و گەشەپێدانی ئەو كەرتە گرنگە".