نەتەوە یەكگرتووەكان هێز رەوانەی باشووری سووریا دەكات

جیهان

5 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 301

راچڵەكین -

هێزێكی ئاشتیپارێزی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان (یونیفیل) رەوانەی شاری سوەیدای باشووری سووریا دەكرێت و تائێستاش بە فەرمی ئەركی ئەو هێزە دیاری نەكراوە و نازانرێت تاكەی لە ناوچەكە دەمێنێتەوە.

روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە 20-8-2025، كاروانێكی هێزەكانی یونیفیل، كە لەچەندین ئۆتۆمبێل پێكهاتبوون، لەڕێگەی ئیزرع - بوسڕ حەریر - سوەیدا، گەیشتە سنووری پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا و بە یاوەریی گروپە چەكدارەكانی سوەیدا، سەردانی چەند گوندێكی ناوچەكەیان كرد.

ئەو رێگەیەی كە هێزەكەی یونیفیل پێیدا گەیشتە سوەیدا، ئیسرائیل بەنیازە بیكاتە رێڕەوێك بۆ گەیاندنی كۆمەك و هاوكاریی مرۆیی بۆ دانیشتووانی پارێزگای سوەیدا و پارێزگاكە بە بەرزاییەكانی جۆلان ببەستێتەوە.

تائێستا ئامانجی سەردانەكەی ئەو هێزەی یونیفیل بۆ سوەیدا ئاشكرا نەكراوەو نازانرێت تاكەی لە ناوچەكە دەمێنێتەوە.

یونیفیل هێزێكی ئاشتیپارێزی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانە، ساڵی 1978 دوای كشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، پێكهێنراوە بەمەبەستی چاودێرێكردن و پاراستنی سنوورەكانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل و بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی شەڕو پێكدادانەكانی نێوان سوپای ئیسرائیل و گروپە چەكدارەییەكانی باشووری لوبنان. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن