سوپای رووسیا چەند ناوچەیەكی دیكەی ئۆكراینا كۆنترۆڵ دەكات

جیهان

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 250

وێنە .. ئەرشیف

راچڵەكین -

سوپای رووسیا هێرش و بۆردومانەكانی بۆسەر ئۆكراینا فراوانتر دەكات و لەئەنجامی خێراتركردنی پێشڕەوییەكانیشی، سێ شارۆچكەی دیكە كۆنترۆڵدەكات و لە بەرامبەردا هێزەكانی ئۆكراینا دوای ئەوەی لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا زیاتر لە دوو هەزار و 800 سەربازیان لێ كوژرا، لە زۆربەی بەرەكانی شەڕدا پاشەكشێیان كرد. 

ئەمڕۆ هەینی 22-8-2025، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانیان دوای چەند هێرشێكی یەكلاكەرەوە، توانییان سێ شارۆچكەی دیكە لە هەرێمی دۆنێتسك كۆنترۆڵ بكەن و نزیكبوونەتەوە لە كۆنترۆڵكردنی تەواوی سنووری هەرێمەكە.

وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەكردووە، لەماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا هێزەكانیان لە هێرشەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو سێ شارۆچكەیە، دوو هەزار و 840 سەربازی ئۆكراینی و چەكدارە كرێگرتە بیانییەكانیان كوشتووە و دەیان تانك و زرێپۆش و سكۆی مووشەكیشیان لەناوبردووە.

هەفتەی رابردووش هێزەكانی رووسیا هەرسێ شارۆچكەی (ئەلكسندروگراد و كولودیزی) لە هەرێمی دۆنێتسك و (فورونویە) لە هەرێمی دنیبرۆپیترۆفسك-یان كۆنترۆڵ كرد، ئەمەش لەكاتێكدایە دەسەڵاتدارانی رووسیا بەردەوام جەخت لەوەدەكەنەوە كە خوازیاری رێككەوتنی ئاگربەست و كۆتایی هێنانی شەڕن، بەڵام بەو مەرجەی داواكارییەكانیان جێبەجێ بكرێت، لەوانەش داننانی ئۆكراینا بە سەروەریی رووسیا لەسەر ئەو ناوچانەی كە لەژێر كۆنترۆڵی سوپای رووسیادان، هەروەها مانەوەی وڵاتەكە بە بێلایەنی و دەستبەرداربوون لە خەونی بوون بە ئەندامی ناتۆ، سەرجەم ئەو داواكارییانەش لەلایەن ئۆكرایناوە رەتدەكرێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن