راچڵەكین -
لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێران گروپێكی چەكدار هێرشیان كردە سەر خاڵێكی پشكنینی پۆلیسی ئەو وڵاتە و لەئەنجامدا پێنج پۆلیس كوژران.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، ئەمڕۆ هەینی 22-8-2025، گروپێكی چەكداری هێرشیان كردە سەر خاڵێكی پشكنینی پۆلیس لە پارێزگای سیستان و بەلۆچستان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و لەئەنجامی شەڕو پێكدادان، پێنج پۆلیسی ئەو وڵاتە كوژران.
دوابەدوای هێرشەكە، هێزەكانی ئێران ئۆپەراسیۆنێكی فراوانیان بۆ دەستگیركردنی چەكدارەكان دەستیپێكرد.
تائێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارییەتی ئەنجامدانی هێرشەكەی نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام پێشتر رێكخراوێك بە ناوی جەیش ئەلعەدل، بەرپرسیارییەتی خۆی لە هێرشەكانی سەر ئامانجە مەدەنی و سەربازییەكانی ناوچەكە گرتبووە ئەستۆ.