داوای داخستنی چاڤیلاند دەكرێت

کوردستان

19 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 134

راچڵەكین-

بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، بە نووسراو داوای داخستنی كۆمپانیای چاڤی گەشتیاری دەكات، كە لەلایەن شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی نەوەی نوێوە خاوەنداری دەكرێت. 
 
لەنووسراوەكەی بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان كە بە ژمارە 6093 لە 21ـی تەممووزی 2025، بە واژۆی د. كەمال تەیب قادر، بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان ئاراستەی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی كراوە، هاتووە: "پاش چەندین جار ئاگاداركردنەوەی ئەم خاوەن كۆمپانیایەی كە ناو و ناونیشانی لە نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی گەورە باجدەران ژمارە (1294/1/22205) لە 15-07-2025 داهاتووە، بە ناوی كۆمپانیای (چاڤی/بۆ وەبەرهێنانی گەشتیاری) مەبەستی دانی باجەكەی، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو باجەی كە بە یاسا لەسەریان چەسپاوە، پاكتاو نەكراوە".
 
بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان لە نووسراوەكەدا داوا لە قایمقامیەتی سلێمانی دەكات: "بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 13 لە رێككەوتی 07-08-2019، هەستن بە داخستنی كۆمپانیای چاڤیی گەشتیاری بەگوێرەی سنووری دەسەڵاتتان".
 

ئەوەش لەكاتێكدا دێت رۆژی 12ی ئابی 2025 شاسوار عەبدولواحید، سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بە هۆی سكاڵای پەرلەمانتارێكی پێشووی ئەو جوڵانەوەیە، لەلایەن پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیركرا.

رۆژی 21ی ئەم مانگە یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی لەدادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، بەڵام لەلایەن دادوەرەوە دانیشتنەكە بۆ رۆژی 28ی ئاب دواخرا. 

 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن