دەیان هەزار پارچە زەوی بەسەر هێزەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ دابەشدەكرێت

کوردستان

15 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 281

راچڵەكین -

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشكردنی زەویدا، ڕەزامەندیدا لەسەر قۆناغێكی نوێی تەرخانكردنی زەوی بۆ هێزە ئەمنییەكان، تا ئێستاش نزیكەی 200 هەزار پێشمەرگە و كارمەندی هێزە ئەمنییەكان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە قۆناغێكی نوێدا، ڕەزامەندیی بۆ پێدانی زیاتر لە 15 هەزار پارچە زەوی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و خانەنشینیی پێشمەرگە داوە، ئێستاش وردبینی بۆ ناوی 20 هەزار لە فەرمانبەران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانی ناوخۆ كراوە، بڕیاریشە بەمزوانە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، فەرمانی تەرخانكردنی زەوییان بۆ دەربكات.

لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، لە پرۆسەی وردبینیدا، هەر فەرمانبەرێكی سوودمەندبوو لە پرۆسەكەدا، مافی وەرگرتنی زەویی نابێت، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە دادپەروەریی دابەشكردندا.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشكراشیكردووە، پرۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بەردەوامە، وردبینیی بۆ ناوی سەرجەم فەرمانبەران، خانەنشینان و ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان تەواو كراون، تا ئێستاش نزیكەی 200 هەزار پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون، پرۆسەكە بەردەوام دەبێت و بە تێكڕاش نزیكەی 480 هەزار پارچە زەوی بەسەر تەواوی فەرمانبەراندا دابەش دەكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن