جێگری رەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی یەكێتی دەكات

کوردستان

11 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 269

راچڵەكین -

ئەمڕۆ یەكشەمە 24-8-2025 دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەگای مەكتەبی سیاسی لەشاری هەولێر، پێشوازی كرد لە “زەفەر سراكایا” جێگری سەرۆكی پارتی دادو گەشەپێدانی توركیاو شاندی یاوەری.

لەدیدارێكدا، كە د.جوان ئیحسان و د.یوسف گۆران، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و سالار لالە سەرحەد ئەندامی سەركردایەتی ئامادەی بوون، گفتوگۆكرا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و هەوڵەكانی یەكێتی لەپێناو سەركەوتنی پرۆسەكەو پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و توركیا و باردۆخی سیاسیی ناوچەكە.

دەرباز كۆسرەت رەسوڵ ئاماژەی بەوەكرد، یەكێتی لەسەرەتاوە پشتیوانی تەواوی بۆ سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەربڕیوە، هەمیشە پشتیوانیش لە بژاردەی ئاشتی دەكات كە سەرۆك مام جەلال لەساڵ 1991 بەردی بناغەكەی دانا.

لای خۆیەوە، زەفەر سراكایا جێگری سەرۆكی پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە دیدارەكە، كە لەمكاتە گرنگەدا لە هەرێمی كوردستان یەكێتی و ئاكپارتی كۆدەبنەوە بۆ فراوانكردنی ئاسۆی پەیوەندییەكانیان، راشیگەیاند: لە هەندێك قۆناغی كاركردن، باڵانسی پەیوەندییەكانی توركیاو یەكێتی گۆڕانكاریی بەسەرداهاتووە، بەڵام پێویستە بە حیكمەتی مام جەلال و كاك كۆسرەت لەڕێگای دیالۆگ و گفتوگۆوە كێشەكان بگەنە چارەسەر، سەردانەكەشمان بۆ بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەو چوارچێوەیەدا هەڵبسەنگێندرێت.

جێگری سەرۆكی پارتی دادو گەشەپێدانی توركیا سوپاسی پاڵپشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد لە پرۆسەی ئاشتی توركیا و چەكدانانی پەكەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی.

پرسی داخستنی ئاسمانی توركیا بەڕووی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، تەوەرێكی تری گفتوگۆكان بوو، جەخت لە چارەسەكردنی ئەو گرفتە كرایەوە لەداهاتوو لەڕێی لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە.

لە دیدارەكەدا هەردوولا هاوڕابوون كە، سەقامگیری سیاسی زامنی سەقامگیری ئابووری و كۆمەڵایەتی دەكات، هەروەها پێكەوەژیانی ئاشتییانەی كوردو عەرەب و تورك و سەرجەم پێكهاتەكان لە ناوچەكە پێویستە پارێزگاری لێبكرێت و گەشەی زیاتری پێبدرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن