راچڵەكین
هێرشەكەی ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە و بڕیارەكەی ئەو وڵاتە بۆ كۆنترۆڵكردنی تەواوی كەرتەكە، ناڕەزایی ژمارەیەك وڵاتی ئەوروپای لێدەكەوێتەوەو داواش لە حكومەتی تەلئەڤیڤ دەكەن هێرشەكانی رابگرێت.
ئەمڕۆ هەینی 29-8-2025، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئیسپانیا، ئێرلەندا، ئایسلەندا، نەرویج، لۆكسمبۆرگ و سلۆڤینیا، لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا، سەركۆنەی هێرشكردنە سەر كەرتی غەززەیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە كرد و هێرشەكەیان بە هەوڵێك بۆ لەباربردنی هەوڵەكان بۆ ئاگربەست و رێككەوتنی ئاشتی وەسفكرد.
وەزیرانی دەرەوەی ئەو شەش وڵاتەكەی ئەوروپا داوایان لە حكومەتی تەلئەڤیڤ كرد هێرشە سەربازییەكانی بۆسەر كەرتی غەززە رابگرێت و پلانی كۆنترۆڵكردنی تەواوی كەرتەكەش هەڵبوەشێنێتەوە.
هەڵوێستی ئەو شەش وڵاتەی ئەوروپا هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی قۆناغی یەكەمی هێرشە زەمینییەكەی سوپای ئیسرائیل بۆسەر كەرتی غەززە و راگواستنی دانیشتووانی باكووری غەززە بۆ ناوچەكانی باشووری كەرتەكە.