شارەوانی سلێمانی لەبارەی دابەشكردنی زەوی هۆشداریی بە فەرمانبەران دەدات

کوردستان

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 350

راچڵەكین -

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لیژنەكانی دابەشكردنی زەوی، وردبینی بۆ فۆرمی داواكاری بە زەوی  فەرمانبەران دەكەن و هەر فەرمانبەرێك بەپێچەوانەی یاسا فۆڕمی پڕكردبێتەوە، تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبێت.

بەگوێرەی ئاگادارییەكی سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی، كە ئەمڕۆ 31ی ئابی 2025 بڵاوكراوەتەوە، تێیدا هاتووە، "پاش ئەوەی لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەستكرا بە دابەشكردنی زەوی بەشێوەی تیروپشكی ئەلیكترۆنی لە ڕێكەوتی ٢٠٢٥/٨/٢٨، لە ئێستادا لیژنەكانی دابەشكردنی زەوی هەڵدەستن بە كاری وردبینیكردن بۆ فۆرمی داواكاری بە زەوی  فەرمانبەران".

شارەوانی سلێمانی داوای لە سەرجەم فەرمانگەكان كردووە فەرمانبەرانیان ئاگاداربكەنەوە لەم خاڵانەی خوارەوە:

١- ئەگەر فەرمانبەر پێشتر سوودمەند بووە و فۆڕمی پڕكردۆتەوە و زانیاری دروستی نەداوە.

٢- ئەگەر فەرمانبەری گرێبەست فۆڕمی پڕكردۆتەوە و بەهەڵە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكەی بەرزكراوەتەوە بۆ وەزارەتەكەی خۆی.

٣- ئەگەر فەرمانبەر خزمەتی فعلی ٨ساڵ كەمتر بێت و فۆڕمی پڕكردبێتەوە بە هەڵە و بەسەر لیژنەی بەڕێوەبەرایەتییەكەیاندا تێپەڕیبێت.

٤- ئەگەر هاتوو هەردوو هاوسەر فەرمانبەربن و هەردوولا فۆڕمیان پڕكردبێتەوە.

پێویستە بە نوسراوی فەرمی فەرمانگەی پەیوەندیدار ئاگادارمان بكاتەوە، بە پێچەوانەوە بەپێی ئەو بەڵێننامەیەی كە پڕیكردووەتەوە لەكاتی پێشكەشكردنی فۆڕمی وەرگرتنی زەوی، تووشی لێپێچینەوەی یاسایی دەبن.

 لە بەشێكی دیكەی ئاگادارییەكەدا هاتووە، "پێویستە فەرمانبەرانی فەرمانگەكان ڕاستەوخۆ سەردانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی نەكەن بۆلای لیژنەی دابەشكردنی زەوی، بەڵكو هەر داواكارییەك یاخود پرسیارێك یاخود كێشەیەكیان هەبێت، لیژنەكانی خۆیان ئاگاداربكەنەوە و ئەوانیش بەرزی بكەنەوە بۆ سەرۆكایەتیمان، چونكە دەبێتە هۆی لۆد و قەرەباڵغی لە فەرمانگەكەمان".

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن