وەزارەتی پەروەردە ساڵنامەی خوێندنی (2025 - 2026) پەسەند دەكات

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 157

راچڵەكین -

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ساڵنامەی خوێندن بۆ ساڵی نوێ پەسەند دەكات و بڕیاریش دەدات رۆژی 21ی ئەم مانگە دەستپێكی ساڵی خوێندنی (2025 - 2026) بێت.

ئەمڕۆ ڕۆژی یەكشەممە 7-9-2025، ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە كۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی ئەنجامدا.

بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، لە كۆبوونەوەكەدا وێڕای گفتوگۆكردن لەسەر چەند بابەتێكی پەروەردەیی وەك تاقیكردنەوەی دەرەكی و ڕیفۆرمی قۆناغی ئامادەیی و هەڵسەنگاندنی دەرەكی، ئەنجومەنی وەزارەت ساڵنامەی خوێندنی ساڵی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) ی پەسەندكرد، كە تیایدا ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی ٢١ ی ٩ ی ٢٠٢٥ وەك دەستپێكی ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) دیاریكرد بۆ خوێندنگە حكومییەكان و ئەو خوێندنگە ناحكومییانەی بە سستمی وەزارەتی پەروەردە دەخوێنن.

وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوەكردووە، دواتر وردەكاریی ساڵنامەكە بە گشتاندنێك لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاقیكردنەوەكان و ساڵنامەی خوێندنەوە، ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان دەكرێت.

ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە لە كۆبوونەوەكەدا خشتەی بەشە وانەكانی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٥ - ٢٠٢٦) پەسەندكرد، دواتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی پڕۆگرام و چاپەمەنییەكان، گشتاندنی پێدەكرێت و ئاڕاستەی ناوەندەكانی خوێندن دەكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن