"چاوەڕوان دەكرێت لێرە بەدواوە، مووچەی مانگی ئاب و مانگەكانی دیكە خەرج بكرێت"

کوردستان

24/09/2025     ژمارەی بینراو 169

راچڵەكین-

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، وا چاوەڕوان دەكرێت لێرە بەدواوە، مووچەی مانگی ئاب و مانگەكانی دیكەش بۆ هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلوولی 2025، بە سەرپەرشتیی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویكردووەتەوە، بڕگەی یەكەم تایبەت بوو بە خستنەڕوووی بابەتی ڕێككەوتنی سێ لایەنەی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتییەكان تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی هەمواركراو و بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەردوولا.

سەرەتا كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، پوختەی بابەتەكەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و ئاماژەی بەوەدا:" دوای گفتوگۆ و دانووستانێكی دوور و درێژ، ڕێككەوتنامەكە گەڵاڵە كرا و هەر دوێنێش بە نووسراوی فەرمیی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ڕێككەوتننامە سێقۆڵییەكە بە ئیمزای وەزیری سامانە سروشتییەكان و سەرجەم كۆمپانیا نەوتییەكان جگە لە كۆمپانیای (DNO)، ڕەوانەی حكومەتی فیدڕاڵ كراوە، بەم جۆرەش هیچ ئاستەنگێك نەماوە لەبەردەم هەناردەكردنەوەی تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی كوردستان و بەبازاڕكردنی لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە جگە لەو بەشەی بە ڕێككەوتننامەی هاوبەش بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ تەرخانكراوە."

وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەی، روونیكردەوەك" ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان، چاوەڕێی ئیمزای ئەو ڕێككەوتننامە سێقۆڵییەیە لەلایەن وەزارەتی نەوتی حكومەتی فیدڕاڵییەوە، تا لەم یەك دوو ڕۆژە، ڕێككەوتنامەكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردن، دڵنیایی بە هەموو لایەكیش دا كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو ئامادەكارییەكی بۆ جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنامەیە كردووە."

پاشان ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بە وردیی باسی لە بەڕێوەچوونی دانوستانەكان كرد و ئاماژەی بە هەموو ئەو ئاستەنگانە كرد كە بە هەوڵی هاوبەشی هەموو لایەك لابران و دواجار هەر سێ لایەن، ڕێككەوتنامەكەیان بە هاوبەشی گەڵاڵە كرد.

ئینجا ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ناوەڕۆكی ڕێككەوتننامە سێقۆڵییەكەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و وردەكاریی ماددە و بڕگەكانی ڕێككەوتننامەكە و پابەندی و ماف و شایستەكانی هەر یەك لە حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكانی ڕوونكردەوە كە وا چاوەڕان دەكرێت بە جێبەجێكردنی ئەم ڕێككەوتنامەیە، ئیتر سەقامگیری لە ناردنی ماف و مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بێتەكایەوە و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم بێبەش نەكرێن لە وەرگرتنی مووچەكانیان لە كات و ساتی خۆی هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەكانی دیكەی عێراق.

وەك فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویكردووەتەوە:" لە دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی و پێزانین بۆ هەوڵ و ماندووبوونی شاندی دانوستانكاری هەرێم، كە دڵسۆزانە و لێهاتووانە و پشتبەست بە مافە دەستوورییەكان، ئەركی خۆیان جێبەجێ كرد، لە گەیشتن بە ڕێككەوتنی نەوت، لە هەمان كاتدا ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە بڕیاری كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ دەكات بە پەسەندكردنی ڕێككەوتننامەی سێقۆڵی و خەرجكردنی مووچەی هەرێم بۆ مانگی تەمموزی ساڵی 2025، كە وا چاوەڕوان دەكرێت لێرە بەدواوە، مووچەی مانگی ئاب و مانگەكانی دیكەش بۆ هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت، لە بەرانبەریشدا، ئەنجومەنی وەزیران وەك هەمیشە، ئامادەیی خۆی دووپات كردەوە بۆ بەردەوامبوون لەسەر جێبەجێكردنی پابەندیەكانی خۆی لەپێناوی دابینكردنی مووچە و شایستەكانی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی فەرمانگەی میدیاو زانیاری بێت، لە بڕگەی دووەم و كۆتاییدا، گفتوگۆ لەبارەی دواپێشهاتی دۆسیەی پۆلێنكردنی داهاتە نانەوتییەكان و دەستنیشانكردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵی كرا.

سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بەوردی دواپێشهاتەكانی خستەڕوو و لایەنی دەستووری و یاساییی بابەتەكەی بەوردی بۆ ئەنجومەنی وەزیران شیكردەوە. دواتر ئەندامانی دیكەی شاندی دانوستانكار بە درێژی وردەكاریی گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیان سەبارەت بەم دۆسیەی ڕوونكردەوە.

دوای گفتوگۆ، ئەنجومەنی وەزیران، جارێكی تر ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ چارەسەری ئەم بابەتە پشتبەست بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدڕاڵ و یاسای بودجەی گشتی فیدڕال و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، وەك لە دوا یاداشتی یاسایی شاندی دانووستانكاری هەرێم هاتووە و ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ كراوە. لە هەمان كاتدا ئەنجومەنی وەزیران، وەزیری دارایی و ئابووری ڕاسپارد كە بە زووترین كات، بڕی 120 ملیار دیناری دیكە، وەك بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی بۆ مانگی تەمووزی ساڵی 2025 بخەنە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، بەهیوای ئەوەی پەلە بكرێت لەسەر یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی بە ڕێككەوتنێكی هاوبەشی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ، بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی نیشان درا بۆ هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ ئەو لیژنە وەزارییە شەش كەسییەی، كە بۆ بابەتی داهاتە نانەوتیەكان لە بەغدا پێكهێنراوە.

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن