راچڵەكین-
لەهەڵەبجە دوو كەسی بەنەتەوە عەرەب دەستگیركران كە بەووتەی پۆلیسی پارێزگاكە، دزیان لە سندوقی خێری مزگەوتێك كردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی تشرینی یەكەمی 2025 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوەك" لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە توانرا دوو تۆمەتباری بەڕەگەز عەرەب بەناوەكانی 'م. ح. ر'ـی تەمەن 17 ساڵ و 'ا. و. ع'ـی 14 ساڵ دەستگیربكرێن، كە لەماوەی رابردوودا هەستاون بە دزیكردن لە سندوقی خێری مزگەوتێك لە ناو شاری هەڵەبجەدا."
ئەوەش روونكراوەتەوە:" تۆمەتبارەكان كامێرای چاودێری مزگەوتەكەیان لەكارخستوە بۆئەوەی دەرنەكەون لەكاتی كارەكەیاندا، بەڵام لەماوەیەكی كەمدا توانرا لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و دیاری بكرێن و بەبڕیاری دادوەر دەستگیربكرێن، هاوكات تۆمەتباران پێشینەی تاوانی دیكەیان هەیە ."
پۆلیسی هەڵەبجە دەڵێت:" تۆمەتباران لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا دانیان بەتاوانە كەیاندا ناوە و بەبڕیاری دادوەری لێكڵۆڵینەوە راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا."