کیسی هێلکەدان
ڕاچڵهكین-
نەخۆشییەکی هۆڕمۆنیی باوە لە ناو خانماندا کە لە کاتی گەشەی ئەندامی زاوزێ و زۆربوون دەردەکەوێت، دەرکەوتنی ئەم کیسە وردانە دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە سیکڵدانۆچکە(follicles) لەسەر هێلکەدان کە ڕێگری دەکات لە دانانی هێلکە، ئەمەش وا ئەکات سووڕی مناگانە تێکبچێت و زۆرجار بۆ ماوەیەکی درێژ سوڕی مناگانە نامێنێ.
تا ئێستا هۆکاری سەرەکی ئەم نەخۆشییە نەزانراوە، بەڵام چەن هۆکارێک هەن کە وا ئەکەن زیاتر نەخۆشییەکە زیاد بکات و چارەسەری قورستر بێت، وەکو :
1-زۆریی ڕێژەی ئەنسۆلینی خوێن، کە وا ئەکات ڕێژەی هۆڕمۆنی نێرینە (androgens) زیاد بکات.
2- هەبوونی هەوکردن لە لەشدا یەکێکی ترە لەو هۆکارانەی وادەکات ڕێژەی هۆڕمۆنی نێرینە زیاد بکات و ئەمەش کاریگەری لەسەر هێلکەدانان هەیە کە ڕێگری لێ دەکات.
3-هۆکاری بۆماوەیی، زۆربەی توێژینەوەکان ئاماژەیان بەوە داوە ئەم نەخۆشییە بۆماوەییە و جینەکان کاریگەرییان هەیە لەسەری.
4- دەردانی ڕێژەیەکی بەرز لە هۆڕمۆنی نێرینە لەلایەن هێلکەدانەوە، کە ئەمە ڕێگری لە هێلکەدانان دەکات، هەروەها دەبێتە هۆی زیادبوونی مووی لەش و دەرکەوتنی زیپکە لەسەر ڕوخسار.
نیشانەکانی کیسی هێلکەدان :
1- تێکچوونی سوڕی مانگانە باوترین نیشانەیە، کە بەگشتی کەمتر لە ٩ جار کەسەکە دەکەوێتە سوڕی مانگانە لە ساڵێکدا و زیاتر لە ٣٥ ڕۆژ لەنێوان جارەکانی سوڕەکەدایە، وە ئازارێکی زۆر و قورس دروست دەکات.
2- بەهۆی ڕێژەیەکی بەرزی هۆڕمۆنی نێرینە، مووی لەش و دەموچاو زیاد دەکات بەشێوەیەکی ناسرووشتی و زۆر، وە دەرکەوتنی زیپکە و ڕووتانەوەی قژ.
3- دەرکەوتنی کیسی وورد لەسەر هێلکەدان، کە ئەمانە سیکڵدانۆچکەکانن و دەوری هیلەکەکان دەدەن لەسەر هێلکەدان دەمێننەوە و شی نابنەوە، ئەمەش ڕێگری لە فەرمانی هێلکەدان دەکات.
4- شێوازی ژیان و وەرزش نەکردن و قەڵەوی ڕۆڵی زۆریان هەیە لە قورسکردنی نەخۆشییەکە، هەروەها گرنگی پێنەدان و فەرامۆش کردنی بۆ ماوەیەکی زۆر وا ئەکات چارەسەری قورستر بێت و بەرەوە حاڵەتی خراپتر بڕوات.
لە ئەگەری چارەسەر نەکردنی کیسی هێلکەدان بۆ ماوەیەکی درێژ، لەوانەیە ئەم حاڵەتانە بەدوای خۆیدا بهێنێت :
1- نەزۆکی و منداڵنەبوون.
2- تووش بوون بە شەکرە و پەستانی خوێن لە کاتی سکپڕی.
3-لەبارچوون یان لەدایکبوونی کۆرپەی کەم گەشەسەندوو.
4- هەوکردنی جگەر بەهۆی کەڵەکەبوونی چەوری.
5-کۆنیشانەکانی زیندەچالاکی، وەکو بەرزی پەستانی خوێن، بەرزی شەکری خوێن، بەرزی کۆلسترۆڵ و چەوری سیانی، کە دەبنە هۆی نەخۆشییە دەمارییەکان.
6- شەکرەی جۆری دوو.
7- تەنگەنەفەسی لەکاتی خەوتن.
8- خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و کێشەی خواردن.
9- خوێن بەربوونی مناڵدان و شێرپەنجەی ناوپۆشی مناڵدان.
قەڵەوی بەڕێژەیەکی بەرچاو کاریگەری هەیە لە پەرەسەندن و دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە و چارەسەرییەکان قورستر دەکات، لەبەرئەوە وەرزش کردن زۆر پێویستە و دەبێ بە بەردەوامی وەرزش بکرێت.
من لێرە باسی چارەسەری دەرمان ناکەم، بەڵکو باسی چارەسەرێکی سروشتی و کاریگەر دەکەم، ئەویش تۆوی ڕازیانە(funnel seed).
تۆوی ڕازیانە لە ڕووەکی ڕازیانە دەست دەکەوێت و بڕێکی زۆر لە فایبەر و ڤیتامینەکانی وەک A, E, B6,C، وە کانزاکانی (ئاسن و مس و مەگنسیۆم و پۆتاسیۆم و کالسیۆم و زینک و مەنگەنیز) ی تێدایە.
ئەم ڕووەکە یارمەتی هەرسکردن دەدات و بەسوودە بۆ چالاک کردنی سوڕی خوێن لە کۆئەندامی هەرس و کۆڵۆن، هەروەها کێشی لەش دادەبەزێنێت و وا دەکات بۆ ماوەیەکی درێژ هەست بە تێریی بکەیت، وە هەوکردنی لەش کەم دەکاتەوە، وە بەهۆی هەبوونی phytoestrogens تێیدا کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ڕێکخستنی هۆڕمۆنەکان لە خانماندا، یارمەتی هێلکەدان و ڕێکبوونی سوڕی مانگانە دەدات و بۆ کێشەکانی منداڵدان بەسوودە، بەهۆی ئەوەی ئەم مادەیە وەکو هۆڕمۆنی ئیسترۆجین کاردەکات، دەبێتە هۆی گەورەبوونی پێوانەی سنگ(مەمک) ئەگەر بە شێوەیەکی بەردەوام بخورێت.
چۆنێتی بەکارهێنانی تۆوی ڕازیانە :
پێویستە زیادەڕۆیی نەکرێت لە بەکارهێنانی تۆوی ڕازیانە، ڕۆژانە بڕێکی کەمی لێ بەکار بهێنرێت(یەک کەوچکی چا لە ڕۆژێکدا) ، دەتوانرێت بە شێوەی چا دەم بکرێت و بخورێتەوە، یان تۆوەکە لەگەڵ خواردن و زەڵاتە تێکەڵ بکرێت بەڵام بە بڕێکی کەم، یان تۆوەکە بهاڕدرێ و دواتر بکرێتە کەپسوول و بخورێت کە ئەمە کاریگەریی زۆرترە.
لەگەڵ ئەوەی ڕازیانە ئەم سوودانەی هەیە، بەڵام خانمانی سکپڕ و ئەوانەی شیردەدەن نابێ بەکاری بهێنن بە هیچ جۆرێک، هەروەها ئەو نەخۆشییانەی کە پەیوەندییان بە هۆڕمۆنی ئیسترۆجینەوە هەیە وەکو (شێرپەنجەی مەمک و منداڵدان و هێلکەدان)، چونکە ڕازیانە وەکو ئیسترۆجین ئیش دەکات.
ئا: لانە عزیز
خوێندکار لە بەشی بایۆلۆجی - کۆلێژی زانست -زانکۆی سلێمانی