راچڵەكین-
بەرپرسێكی بزووتنەوەی حەماس دەڵێت، بزووتنەوەكە پێویستە بە كاتی زیاتر هەیە بۆ لێكۆڵینەوە لە پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی كۆتایی هاتن بە جەنگی غەززە.
ئەو بەرپرسەی حەماس بە فرانس پرێس-ی راگەیاندووە:" حەماس بەردەوامە لە راوێژكردن لەبارەی پلانەكەی ترەمپ و بە نێوەندیگریانی راگەیاندووە كە گفتوگۆكان لەبارەی پلانەكە بەردەوامەو پێویست بە كاتی زیاتر دەكات."
ئەوەش لەكاتێكدا دێت پێشتر بنیامین ناتانیاهۆ-ی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رەزامەندی نیشاندابوو لەسەر پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ.
ناوەراستی ئەم هەفتەیەش، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بزووتنەوەی حەماس تەنها 3 بۆ 4 رۆژی لەبەردەستە بۆ پەسەندكردنی پلانەكە، لەهەمان كاتدا بەڵێنی ئەوەی دا ئەگەر بێتو پلانەكە پەسەند نەكات ئەوا " رووبەڕووی وێرانبوون" دەبێتەوە.
پێگەی ئاكسیۆس-ی ئەمریكا گرنگترین خاڵەكانی پلانەكەی ترەمپ بۆ كۆتایی هێنان بەجەنگی غەززەو راگەیاندنی ئاشتی ئاشكرا كردووە:
- راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیەشیی لەكەرتی غەززە.
- كشانەوەی هەنگاو بەهەنگاوی ئیسرائیل لەتەواوی كەرتی غەززە.
- ئازادكردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەكان لەماوەی 48 كاتژمێر دوای راگەیاندنی ئاگربەست.
- پێكهێنانی هێزێكی ئەمنی بۆ غەززە كە لەفەڵەستیینیەكان و سەربازانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەخۆ بگرێت.
- ئازادكردنی 250 فەڵەستینی كە بە هەتاهەتایی سزادراون، لەگەڵ 2 هەزار فەڵەستینی تر كەلەدوای رووداوەكانی 7ی ئۆكتۆبەر دەستگیركراون.
- پرۆسەی چەكداماڵینی حەماس و لەناوبردنی چەكە قورسەكان و توونێلەكان.
-لێخۆشبوون بۆ ئەو ئەندامانەی حەماس كە واز لە تووندوتیژی دەهێنن، یاخود دابینكردنی رێڕەوێكی ئارام بۆ چوونە دەرەوەی ئەو ئەندامانەی حەماس لەغەزە كەئامادەی خۆبەستەوە دان نین.