شارەوانی سلێمانی داوایەكی بەپەلە ئاڕاستەی لایەنەكان دەكات

کوردستان

03/10/2025     ژمارەی بینراو 256

راچڵەكین -

سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی داوا لە لیست و لایەنە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران دەكات، سەرجەم ئەو پۆستەر و ستاندانە لابەن كە بە پێچەوانەی رێنماییەكان، لەناو بلوارەكانی شەقامی مەلیك مەحمود و تاسڵوجە - سلێمانی دانراون.

سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی لە ئاگادارییەكدا بڵاویكردەوە، بەهۆی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنەوە بە نووسراوی فەرمی وەك پێشتر ئاگاداری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی سلێمانی كردووە كە دانانی پۆستەر و ستاندەكان پێویستە بەپێ رێنماییەكان دابنرێت و دوور بێت لە زیانگەیاندن بە سەوزایی و بلوارەكان و عەمودەكان و كێبڵی كارەبا و ئاودێرییەكان.

لە ئاگادارییەكەدا هاتووە، بەڵام بەداخەوە كۆمەڵێك پۆستەر و ستاند دانراون لە ناو بلوارەكانی شەقامی مەلیك مەحمود و تاسڵوجە -سلێمانی و ئەمڕۆ سەرجەمیان تێبینی كران كە دوورە لە رێنماییەكانمان و هۆكارێكە بۆ زیانگەیاندن بە بلوارەكان و باخچەكان و سەوزایی و وشكبوونیان و ناتوانرێت ڕۆژانە كاری ئاودێریكردنیان بۆ ئەنجام بدرێت.

شارەوانی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، سەرجەم شۆستە و شەقامەكان و بلوارەكان وێنەیان گیراوە، داواشی لە سەرجەم كاندید و لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە لە ماوەی دوو ڕۆژدا هەستن بە لابردنی ئەو پۆستەر و ستاندانەی كە بە پێچەوانەی رێنماییەكان دانراون، بە پێچەوانەوە ناچار دەبن رێكاری پێویست بگرنەبەر.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن