راچڵەكین -
زانكۆی هەڵەبجە روونكردنەوە لەبارەی چۆنیەتی وەرگرتنی خوێندكار لە كۆلێژی پزیشكیی زانكۆكە بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەدات و رایدەگەیەنێت: شێوازی وەرگرتن لەڕێگەی فۆرمی ڕاستەوخۆوە دەبێت و دەكەوێتە دوای راگەیاندنی ئەنجامی زانكۆلاین.
ئەمڕۆ یەكشەممە 5-10-2025، سەرۆكایەتیی زانكۆ هەڵەبجە، لە روونكردنەوەیەكدا دەربارەی وەرگرتنی خوێندكار لە كۆلێجی پزیشكیی زانكۆكە، بڵاویكردەوەوە، دوای پشتیوانیی وەزیر بۆ وەرگرتنی خوێندكار لە كۆلێجی پزیشكیی زانكۆی هەڵەبجە، بۆ ساڵی خوێندنی (2025 - 2026) و واژۆكردنی گرێبەستی كڕینی ئامێر و پێداویستییەكانی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایەی تەندەرەكەی بۆ یەكلابووەتەوە، هەروەها پشتیوانیی نوسینگەی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تەواوكردنی بینای كۆلێجەكە، ئەنجومەنی زانكۆ بڕیاریدا بە وەرگرتنی خوێندكار بۆ ئەمساڵی خوێندن لە كۆلێژی پزیشكی، وەرگرتنی خوێندكاریش لە كۆلێژەكە، وابەستەیە بە گەیشتنی ئەو ئامێر و پێداویستییانە و تەواوكردنی بینای كۆلێژ.
سەرۆكایەتیی زانكۆ هەڵەبجە روونیكردووەتەوە، شێوازی وەرگرتنی خوێندكار لە كۆلێژی پزیشكیی زانكۆكە، لەڕێگەی فۆرمی ڕاستەوخۆوە دەبێت، كە ڕێكەوتەكەی دەكەوێتە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی زانكۆلاین و دیاریكردنی ئەو ژمارە خوێندكارەی دەتوانرێت وەربگیرێن، لەگەڵ دیاریكردنی مەرجەكان و كۆنمرەی پێشكەشكار، لەلایەن زانكۆ و لایەنی تایبەتمەند لە وەزارەت، كە لە پێگەی فەرمیی زانكۆدا بڵاودەكرێتەوە.