راچڵەكین-
راوێژكاری سیاسی رێبەری باڵای ئێران لەبارەی رووداوی كەوتنەخوارەوەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆككۆماری پێشووی ئەو وڵاتە قسەی كۆتایی لەبارەی رووداوەكە كرد.
ئەمڕۆ یەكشەممە 12ی تشرینی یەكەمی 2025 عەلی شەمخانی، رایگەیاند:" تا ئەم چركەساتە، فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكان و پشتبەستوو بەڕاپۆرتەكانی لیژنەی لێكۆڵینەوە، هیچ شتێكی نامۆ نەبووەتە هۆی رووداوی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی سەرۆكی كۆچكردوو ئیبراهیم رەئیسی."
وتیشی:" دوای جەنگی 12 رۆژە، پرسیار گەلێك هاتنە ئاراوە لەبارەی ئەوەی رووداوەكە پەیوەندی هەبووبێت بە ئیسرائیلەوە."
شەمخانی، لەوبارەیەوە ووتی:" وەك ئەوەی لێكۆڵەرانی ئێرانی پێی گەیشتوون، هیچ بەڵگەیەك نەدۆزراوەتەوە كە ئاماژەبێت بۆ دەستوەردانی دەرەكی لە كوژرانی رەئیسی، دەكرێت ئەو جۆرە رووداوانەش لەدەرەوەی چوارچێوەی تواناكانماندا بێت."
دوای كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆككۆماری پێشووی ئێران لە مانگی ئایاری 2024 لەنزیك شاخێك لە پارێزگای ئازەربایجانی خۆرهەڵات كە جگە لە رەئیسی حەوت كەسی تریش گیانیان لەدەستدا، لێكۆڵینەوەكان لەو رووداوە دەستیپێكرد كە تیایدا ئاماژە بەوەكراوە، ناسەقامگیری كەشوهەوا هۆكاری سەرەكی رووداوەكە بووە.