راچڵەكین -
بۆ یەكەم جار لەدوای بڕیاری ئاگربەست لە كەرتی غەززە، سوپای ئیسرائیل ناوەڕاستی كەرتەكە بۆردومان دەكات و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی بریندار بوون.
ئەمڕۆ یەكشەممە 19-10-2025، سوپای ئیسرائیل شارۆچكەی زوایدەی لە ناوەڕاستی كەرتی غەززە بۆردومانكرد و بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەكان، لەئەنجامی بۆردومانەكەدا ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی بریندار بوون.
هەرچەندە تائێستا هۆكاری بۆردومانەكەی سوپای ئیسرائیل بۆسەر ئەو ناوچەیەی كەرتی غەززە ئاشكرا نەكراوە، بەوپێیەی رێككەوتنی ئاگربەست كراوە و كۆتایی بە هێرش و بۆردومانەكانی هێنراوە، بەڵام میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردەوە، لەژێر گوشارە توندەكانی بەرەی راستڕەو، حكومەتی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەرپرسە باڵا ئەمنی و سەربازییەكان لە گفتوگۆدایە بۆ ئەنجامدانی چەند هێرش و بۆردومانێكی سنووردار لەناوچە جیاجیاكانی كەرتی غەززە.