راچڵەكین-
لەئێستادا بەشێك لەهاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان پەنایان بۆ دانانی سیستمی سۆلەر بردووە بۆ دابینكردنی پێداویستی رۆژانەی خۆیان لەكارەبا.
هەڵبەت لەگەڵ زۆربوونی چەندین جۆر كەرەستەی دانانی سۆلەر لە بازاڕەكاندا، پسپۆڕانی ئەو بوارە رێنمایی هاوڵاتیان دەكەن بۆ دانانی باشترین جۆرەكانی تا بتوانن سوودی لێوەربگرن.
ئەندازیار چالاك عەبدولكەریم، چەند خاڵێكی وەك مەرجی سەرەكی دانانی سیستمێكی سۆلەری سەركەوتوو خستووەتە ڕوو كە تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە:
1. پەنەڵەكان:-
🔹توانای گشتییان 1.25 ئەوەندەی پێویستی ماڵ بێت.
🔹مۆدێلی نوێ و بایفاشیاڵ (واتە دوو دیو) بێت.
🔹لەو جۆرە بێت كە سێبەرێكی بچوك لەسەر پەنەڵەكان كاریگەری ئەوتۆی لەسەر كاركردنی نەبێت.
🔹جێگاكەی وابێت بتوانرێت ناو بە ناو پەنەڵەكان پاكبكرێنەوە.
2. شوێنی دانانی پەنەڵەكان بەجۆرێك بێت كە سێبەر نەیگرێتەوە یان سێبەری بینا و دارەكان كەمترین بێت لەسەری لەكاتی ڕۆژھەڵاتن تا ڕۆژئاوابوون.
3. ئاڕاستەی ڕووی پەنەڵەكە بەرەو باشوور بێت و گۆشەی 20 تا 33 بۆ هەر چوار وەرزەكە.
4. بنكەی ئاسنی گەڵڤەنایزی دژە ژەنگی تایبەت بە دامەزراندنی پەنەڵەكان بەكاربێت كە بە توندوتۆڵی بەسترابن و بەرگەی بای بەهێز بگرێت.
5. فیوز و بۆردی تایبەت بە سۆلەر لە نزیكی پەنەڵەكان ببەسترێت وە ئەگەر ئامێری دژە بروسك SPD ـی لەگەڵ ببەسترێت باشترە.
6. وایەری دی سی تایبەت بەكاربێت بۆ بەستنی پەنەڵەكان بە ئینڤێرتەرەكەوە.
7. سەرجەم وایەرەكان لەناو بۆری كارەبایی یان (كێبڵ ترەی)دا بێت.
8. ئینڤێرتەر :
🔹جۆری ئۆنگرید دابنرێت بەڵام ئەگەر هایبرد بێت باشترە بۆ ئەوەی بتوانرێت باتری لێ ببەسترێت بۆ كاتی پێویست بەڵام نرخی گرانترە.
🔹بۆ كارەبای بەردەوام پێویست بە دانانی باتری ناكات.
🔹لە جۆری هایبرد بەشی شەحنی باتریەكەی لە جۆری MPPT بێت.
🔹توانای ئینڤێرتەر 1.25 ئەوەندەی كۆی توانای پەنەڵەكان بێت.
🔹توانای بەستنی بە مۆبایلەوە هەبێت.
9. بۆردی تایبەت بە ئینڤێرتەر لە نزیك ئینڤێرتەر دابنرێت كە سێركت برێكەری گونجاوی تێدابێت لە جۆری دی سی بۆ نێوان كارەبای سۆلەر تا ئینڤێرتەر و سێركت برێكەری گونجاوی (AC) بۆ دەرچوونی ئینڤێرتەر بۆ كارەبای ماڵ.
10. هەموو پارچەكان (گرنتی ) یان هەبێت.
11. گرنگە ئەو شوێنەی سیستمی سۆلەر دائەنێت پێوەری زیرەكی هەبێت بۆ ئەژماركردنی ووزەی گەڕاوە بۆ تۆڕی نیشتمانی، لەكاتی نەبوونی پێوەری زیرەك گرنگە لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبا داوای دانانی پێوەری زیرەك بكرێت.
12. پاش دانان و ئیشپێكردنی سیستمی سۆلەر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشكردنی كارەبا بكرێت بۆ تۆماركردنی فۆرمی سۆلەر بۆ ئەوەی ووزەی گەڕاوەی سۆلەری بۆ ئەژماربكرێت.