ڕاچڵەکین سپۆرت -
بەرشەلۆنە بەر لە یارییەکەی بەرامبەر یانەی ڕیال مەدرید گورزێکی گەورەی بەرکەوت، لە کاتێکدا لیژنەی دیسپلینی یەکێتی تۆپی پێی ئیسپانیا بە فەرمی سڕکردنی هانسی فلیکی ڕاهێنەری ئەڵمانی بۆ یەک یاری پشتڕاستکردەوە، بەو مانایەی کە لە یارییەکەی یەکشەممەی ئیل کلاسیکۆ لە یاریگای بێرنابیۆ بەشداری ناکات.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "ئاس"ی ئیسپانی، لیژنەی دیسپلین تانەکەی بەرشەلۆنەی ڕەتکردەوە کە فلیک بەرامبەر جیرۆنا بە کارتی سور کرایە دەرەوەی یاریگا، هەروەها ڕوونیکردووەتەوە کە یانە کەتەلۆنییەکە "هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتەڕوو کە بتوانێت ڕاپۆرتەکەی ناوبژیوان پووچەڵ بکاتەوە". بەم شێوەیە ئەو سزایەی کە بەسەر ئەو ڕاهێنەرە ئەڵمانییەدا سەپێندرابوو، پشتڕاستکرایەوە.
لە بڕیارە فەرمییەکەی لیژنەکەدا هاتووە: "داواکاری هەڵوەشاندنەوەی کارتی زەردی دووەم لەم تانەدا ڕەتدەکرێتەوە، ئەو دەرئەنجامە دیسپلینییانەی کە لە ئەنجامی دەرکردنی بەڕێز هانسی فلیکەوە هاتوونەتە ئاراوە، پارێزراون، هەروەها سزای یەک یاریش بەگوێرەی مادەی 120ی پەیڕەوی دیسپلینیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا دەسەپێندرێت، هاوکات لەگەڵ غەرامەی پەیوەندیدار بەگوێرەی مادەی ". 52." ی ساڵی 2016".
هەروەها لە بڕیارەکەدا ئەوە ڕوونکراوەتەوە کە ڕاپۆرتەکەی ناوبژیوان بە دروست و پابەندکەر دادەنرێت، بە پشتبەستن بە مادەی 27ی پەیڕەوی دیسپلین، کە ئەولەویەت دەدات بە ڕاپۆرتی ناوبژیوان مەگەر "هەڵەی ماددی ڕوون" نەبێت، کە لەم حاڵەتەدا نەسەلمێنراوە.
فلیک لە یارییەکەی بەرشەلۆنە بەرامبەر جیرۆنا، شەممەی ڕابردوو بە کارتی سوور دەرکرا، دوای ئەوەی ناوبژیوان جیسوس جیل مانزانۆ بۆ یەکەمجار کارتی زەردی پێدا بەهۆی ناڕەزایەتییەوە، دواتر کارتی سووری پێدرا، دوای ناڕەزایەتی زیاتری بەرامبەر فڕێدانەکەی لە بەرژەوەندی جیرۆنا دوای پێکدادانی نێوان ستوانی و کریستینسن.
ئەمە دووەم جار بوو کە فلیک دەرکران لەدوای دەستبەکاربوونی وەک ڕاهێنەری بەرشەلۆنە، بەڵام ڕووداوەکە بەوەوە نەوەستا. کامێراکان ڕاهێنەرە ئەڵمانیەکەیان گرتووە کە دوو ئاماژەی نەشیاوی دەستی لە دیمەنێکی مشتومڕاویدا دەکات لەکاتی ئاهەنگگێڕانی نائاسایی بۆ گۆڵی دووەمی ڕۆناڵد ئاراوخۆ، لەکاتێکدا لەتەنیشت ڕافینیا لە ناوچەیەکی ڕێگەپێنەدراو وەستاوە.