راچڵەكین -
وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاریداوە چاكسازی لە ئەرك و پەیكەری پۆلیس دەكات، وەزیری ناوخۆش رایدەگەیەنێت: پێویستە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو بە گونجاندنی لەگەڵ سروشت و ژینگەی كۆمەڵگەی كوردستان و پاڵپشتی ئاژانس و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان، وەربگیرێت.
وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەندراوێكدا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ لەگەڵ یەكێك لەو لیژنانە بڵاوكردەوە، كە بۆ پێداچوونەوە بە ئەرك و پەیكەر و شێوازی مامەڵە و ڕاهێنان و پەرەپێدانی توانای جەستەیی و هزری پۆلیسی كوردستان ڕاسپێردراون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری ناوخۆ باسی لە پێویستی پێداچوونەوەی جددی بە كەرتی پۆلیس كرد بە هەموو ئەرك و سێكتەر و بەرنامەكانەوە، بە جۆرێك كە لەگەڵ پێداویستییەكانی سەردەم و تێڕوانین و چاوەڕوانی هاووڵاتیانی كوردستان بگونجێت. بۆ ئەم مەبەستەا ئەكادیمیای سەركردایەتی و بەڕێوەبردن لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسك هاوشان لەگەڵ لیژنەیەكی دیكەی باڵا كە بۆ ئەركی ئامادەكردن و نوسینەوەی رێبەری كاری پۆلیسی لە كوردستان پێكهاتووە، بۆ ئەو ئەركە راسپێردراون.
رێبەر ئەحمەد لیژنەكەی راسپارد كە بیرۆكە و وردەكاری ئەو پڕۆژەیە لەگەڵ كارمەند و ئەفسەران لەسەر ئاستی كوردستان لەڕێی ئەنجامدانی كۆبوونەوە و وۆرك شۆپ بەش بكرێت و ڕا و سەرنج و بۆچوونەكانیان بۆ دەوڵەمەندكردنی بەهەند وەربگیرێ، هەروەها سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشكەوتوو بە گونجاندنی لەگەڵ سروشت و ژینگەی كۆمەڵگەی كوردستان و پاڵپشتی ئاژانس و دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان وەربگیرێ.
وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم، جەختی لە پێویستی ئامادەكردن و ڕاهێنانی بەردەوامی جەستەیی و هزری بۆ كارمەندان و ئەفسەران كردەوە و ئەكادیمیای سەركردایەتی و بەڕێوەبردن، بەڕێوەبەرایەتییەكانی مەشق و شیاندن، بەڕێوەبەرایەتی و بەشەكانی ئاڕاستەكردن و ڕابەریكردنی مەعنەوی و بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی كۆمەڵگەیی راسپارد بۆ ڕێكخستنی خول و ڕاهێنانی بەردەوام. پێداچوونەوە بە پەیكەری گشتی پۆلیس، ئەركەكان، بنكەكانی پۆلیس وەكو یەكەی بنەڕەتی كاری پۆلیس، سوود وەرگرتن لە تەكنۆلۆژیای مۆدێرن بۆ ئاسانكردنی ئەركەكان، پەروەردەكردنی سەركردە و دابەشكردن و شۆڕكردنەوەی ئەركەكان، و چەندین تەوەری دیكە بە وردی گفتوگۆیان لەسەركرا.