راچڵەكین-
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختدەكات لەسەر پێویستی داماڵینی چەكی ئەو گروپە عیراقییانەی لەلایەن " ئێران"وە پشتیوانی دەكرێن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ماركۆ رۆبیۆ-ی وەزیری دەرەوە لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق پێی راگەیاندووە:" گروپە چەكدارەكان كەلەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، سەروەری عیراق تێكدەدەن، لەهەمان كاتدا دەبنە هەرەشە لەسەر ژیان و كارەكانی ئەمریكی و عیراقییەكان و داهاتەكانی عیراق تاڵان دەكەن."
هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا رۆبیۆ پابەندی ئەمریكای بە پاراستنی سەروەری عیراق و بەهێزكردنی سەقامگیری هەرێمایەتی و پتەوكردنی بەستەرە ئابورییەكان لەنێوان عیراق و ئەمریكای دووپاتكردووەتەوە.
لەبەرامبەردا سودانی بە رۆبیۆ-ی راگەیاندووە، حكومەتی عیراق پەرۆشە بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنی نێوان هەردوو وڵاتە كە پەیوەستن بە فراوانكردنی سیگناڵە ئابورییەكان، رەخساندنی كەشوهەوای گونجاو لەبەردەم كۆمپانیا ئەمریكییەكان لەعیراق."
سەرۆكوەزیرانی عیراق داوای لەئەمریكا كردووە خۆی لە بڕیارو هەنگاوی تاكلایەنە بەدووربگرێت لەدەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و گفتوگۆ.