ڕاچڵەکین سپۆرت -
بەرشەلۆنە هەنگاو دەنێت بۆ ڕزگارکردنی هانسی فلیکی ڕاهێنەری ئەڵمانی لە بەشداریکردن لە یارییەکەی داهاتووی ئیل کلاسیکۆ بەرامبەر ڕیال مەدرید لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە لالیگا، ڕاهێنەرە ئەڵمانییەکە لە یارییەکەی پێشوو بەرامبەر جیرۆنا بە کارتی سوور دەرکرا، کە بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بۆ بلاوگرانا کۆتاییهات.
یانە کەتەلۆنییەکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە تانەیەکی لە سڕکردنی فلیک بۆ یەک یاری تۆمارکرد، ئەمەش لە هەوڵێکی جدیدا بوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو لێدانە سزایەی کە بۆ ڕاهێنەرەکە دەرکرابوو، دوای ئەوەی ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر بڕیارەکانی ناوبژیوان لە یارییەکەی بەرامبەر جیرۆنا لە گەڕی پێشووی لالیگا.
ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئەرکی بارسا بۆ هەڵوەشاندنەوەی سڕکردنی فلیکی بە قورس وەسف کرد، دوای ئەوەی دوێنێ لیژنەی دیسپلینی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا سزاکەی پشتڕاستکردەوە و تانەکانی پێشووی یانە کەتەلۆنییەکەی ڕەتکردەوە.
بارسا بە هیوای ئەوەیە کە تانەکەی لە سڕکردنی فلیک سەربگرێت، لە تانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەو ڕاپۆرتەی یارییەکە کە لەلایەن ناوبژیوان جیسوس گیل مانزانۆوە پێشکەش کراوە، ڕەنگدانەوەی ئەوە نییە کە لە یاریگادا ڕوویداوە، داواشکراوە ئەو دوو کارتە زەردە لاببرێت کە ڕاهێنەری تیپەکە وەریگرتووە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێناچێت لیژنەی تانەدان تانەکەی بەرشەلۆنە قبوڵ بکات، بەمەش هیچ بژاردەیەکیان بۆ نەماوە جگە لە پەنابردنە بەر دادگای ناوبژیوانی وەرزشی (CAS). ئەمەش دەتوانێت مانای ئەوە بێت کە ڕێوشوێنی خۆپارێزی بە یانەکە بدرێت، ڕێگە بە فلیک بدرێت لەسەر کورسی یەدەگ لە یاریگای بێرنابیۆ دابنیشێت تاوەکو بڕیارەکە دەدرێت، هەروەها دواخستنی سزاکە بۆ یارییەکی دیکە.