ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا
راچڵەكین -
سەرۆكی رووسیا هۆشداریی دەدات لە پێدانی موشەكی تۆماهۆكی ئەمریكی بە ئۆكراینا و رایدەگەیەنێت: ئەگەر بەو مووشەكە لە وڵاتەكەمان بدرێت، بەشێوەیەكی زۆر توند و شۆكهێنەر وەڵام دەدەینەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23-10-2025، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: هەر مووشەكێكی تۆماهۆك بۆ هێرشكردنە سەر خاكی وڵاتەكەمان بەكاربهێنرێت، وەڵامێكی زۆر توند دەدەینەوە كە بۆ نەیارەكانمان شۆكهێنەر بێت.
پوتین وتی:" پێدانی مووشەكی تۆماهۆك بە ئۆكراینا، هەوڵێكی نوێی رۆژئاوایە بۆ پەرەسەندنی زیاتری دۆخەكە، نەیارەكانیشمان دەبێ زۆر باش بیربكەنەوە بەر لەوەی هەر هەنگاوێك بنێن بۆ هێرشكردنە سەر خاكی وڵاتەكەمان بە مووشەكی تۆماهۆك، چونكە بەشێوەیەكی زۆر توند و شۆكهێنەر وەڵام دەدەینەوە".
سەرۆكی رووسیا ئاماژەی بەوەكرد، رێكخستنی كۆبوونەوەی لوتكەی بۆدابێست، بە دەستپَشخەری دۆناڵد ترەمپ بووە، لەنێوان رووسیا و ئەمریكاش چەندین بواری جیاجیا هەیە بۆ هاوكاری و هەماهەنگیی هاوبەش، وتی:" بەڵام سەپاندنی سزا نوێیەكان واشنتۆن بەسەر مۆسكۆ، كاریگەری خراپ دەكاتە سەر پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات، هەرچەندە كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر ئابووری رووسیا نابێت".
هەڕەشەكەی ڤلادیمێر پوتین، لەكاتێكدایە سەرۆكی ئۆكراینا داوای لە ئەمریكا كردووە مووشەكی تۆماهۆك بە سوپای وڵاتەكەی بدات بۆئەوەی لە شەڕی دژ بە رووسیا بەكاری بهێنێت، تائێستاش ئەمریكا رەزامەندی لەسەر ئەو داواكارییە نەداوە.