راچڵەكین -
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا گەشبینی خۆی لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاگربەست لە كەرتی غەززە نیشاندەدات و رایدەگەیەنێت: هێزی ئەو وڵاتانەی كە لە كەرتەكە جێگیر دەكرێن دەبێ رەزامەندیی ئیسرائیلیان لەسەر بێت.
ئەمڕۆ هەینی 24-10-2025، ماركۆ رۆبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لەمیانی سەردانێكی بۆ سەنتەری هەماهەنگیی سەربازی و ئەمنی تایبەت بە چاودێریكردنی رێككەوتنی ئاگربەست لە كەرتی غەززە، رایگەیاند: واشنتۆن گەیشبینە بە جێبەجێكردنی تەواوی بڕگەكانی تایبەت بە رێككەوتنی ئاگربەست لە كەرتی غەززە، هێزێكی نێودەوڵەتییش لە كەرتی غەززە جێگیر دەكرێن بۆ جێبەجێكردنی ئاگربەست.
رۆبیو ئاماژەی بەوەكرد بابەتی پێكهێنانی هێزێكی نێودەوڵەتی بۆ بڵاوەپێكردنیان لە كەرتی غەززە، تائێستا لە قۆناغی پێكهێناندایە و یەكلایی نەكراوەتەوە، چەندین وڵاتیش ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ رەوانەكردنی هێز بۆ غەززە، بەڵام دەبێ بە رەزامەندیی ئیسرائیل بێت.
بەگوێرەی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ، جگە لە پێكهێنانی هێزێكی نێودەوڵەتی بۆ جێگیركردنیان لە كەرتی غەززە، هێزێكی پۆلیسی فەلەستینیش ئامادە دەكیرَن بۆ ئەوەی لە كەرتی غەزە بڵاوەیان پێبكرێت.
سەبارەت بە چارەنووسی چەكدارانی حەماس لەدوای رێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وتی:" هەموو لایەك رێككەوتووین كە حەماس هیچ رۆڵێكی لە ئایندەی كەرتی غەززە نابێت و دەبێ چەكەكانیشی رادەست بكات، كە یەكێكە لە بڕگەكانی رێككەوتنەكە، ئەگەر پابەندیش نەبێت بە چەكدانان و بەردەوام بێت لەسەر هەڕەشەكردن لە ئاسایشی ئیسرائیل، ئەوا بە توندترین شێوە وەڵامی دەدەینەوە".
ماركۆ رۆبیو ئاشكراشیكرد، چەندین وڵات خواستی خۆیان نیشانداوە بۆ هاتنە ناو رێككەوتنی ئیبراهیمی و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئیسرائیل، ئەم كارەش لە سوود و بەرژەوەندیی خودی ئەو وڵاتانەو بەرقەراركردنی ئاشتی و سەقامگیری لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.