وڵاتێكی عەرەبی ناردنی هێزی سەربازی بۆ غەززە رەتدەكاتەوە

جیهان

17 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1293

راچڵەكین -

لەیەكەمین هەڵوێستدا بەرامبەر جێگیركردنی هێزێكی نێودەوڵەتی لە كەرتی غەززە، وەزیرێكی حكومەتی ئوردن رایدەگەیەنێت، هیچ رۆڵێكی سەربازیمان لە غەززە نابێت.

محەمەد مومەنی، وەزیری پەیوەندییەكانی حكومەتی ئوردن، لە لێدوانێكدا بۆ میدیای فەرمی وڵاتەكەی، رایگەیاند: نابینە بەشێك لەو پلانەی كە داوای ناردنی هێزی سەربازیی وڵاتان دەكات بۆ جێگیركردنیان لە كەرتی غەززە.

وتیشی:" هەڵوێستی فەرمی حكومەتی ئوردن ئەوەیە كە پاڵپشتیی ئاگربەست لە كەرتی غەززە و ناردنی كۆمەك و هاوكاریی مرۆیی بۆ دانیشتووانەكەی دەكات، بەڵام بەهیچ شێوەیەك هێزی سەربازی رەوانەی ئەو ناوچەیە ناكەین".

ئەم هەڵوێستەی ئوردن لەكاتێكدایە ئەمریكا كار بۆ پێكهێنانی هێزێكی سەربازیی لەسوپای چەند وڵاتێك دەكات بۆ ئەوەی رەوانەی كەرتی غەززە بكرێت وەك بەشێك لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئاگربەست.

پێشتر، ماركۆ رۆبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندبوو، بابەتی پێكهێنانی هێزێكی نێودەوڵەتی بۆ بڵاوەپێكردنیان لە كەرتی غەززە، تائێستا لە قۆناغی پێكهێناندایە و یەكلایی نەكراوەتەوە، چەندین وڵاتیش ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ رەوانەكردنی هێز بۆ غەززە، بەڵام دەبێ بە رەزامەندیی ئیسرائیل بێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن