راچڵەكین -
سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا رایدەگەیەنێت، وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا بڕیاریانداوە ئاستی پشتبەستن بە كانزا دەگمەنەكانی چین كەمبكەنەوەو بەدوای سەرچاوەی جێگرەوەدا بگەڕێن.
ئەمڕۆ شەممە 25-10-2025، ئۆرسولا فۆن دێر لاین، سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتی ئەوروپا لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وڵاتانی یەكێتییەكە دەستیانكردووە بە جێبەجێكردنی پلانێكی نوێ، كە ئامانج لێی كەمكردنەوەی ئاستی پشتبەستنیانە بە كانزا دەگمەنەكان و یەدەگی خاوی چالاك-ی چین، كە ئێستا وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا 90%ی پێداویستییەكانیان لە چین-ەوە هاوردە دەكەن.
فۆن دێر لاین نیگەرانیی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپای بەرامبەر كۆتوبەندە نوێیەكانی چین نیشاندا لەبەرامبەر هەناردەكردنی كانزا دەگمەنەكان و كەرەستەی پاتری بۆ وڵاتانی ئەوروپا و وتی:" ئەم هەنگاوە نوێیانەی چین لەچوارچێوەی گرژییە ئابوورییەكانی دێت لەگەڵ ئەمریكا، كە كاریگەرییەكی خراپی كردووەتە سەر ئەوروپا".
بەوتەی سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا، وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا رێژەی 90%ی كانزا دەگمەنەكان لە چین هاوردە دەكەن، كە گرنگییەكی زۆری هەیە لە پیشەسازییەكانی ئۆتۆمبێل و بەرهەمی ئەلیكترۆنی و كەرەستەی سەربازی.
فۆن دێر لاین هەرچەندە ئاشكرای نەكرد كە لەبری چین كانزا دەگمەنەكان لە چ ولاتێكی هاوردە دەكەن، بەڵام ئااژەی بەوەكرد كە لەداهاتوودا ئەو پرسە لەگەڵ هاوبەشەكانیان لە گروپی 7 تاووتوێ دەكەن.
رۆژی 9ی ئەم مانگە، وەزارەتی بازرگانیی چین بڕیاریدا كۆتوبەندی نوێ بەسەر هەناردەكردنی كانزا دەگمەنەكان بسەپێنێت، لەكاردانەوەی ئەو بڕیارەش، ئیدارەی ئەمریكا بڕیاریدا پێناسی گومرگی بەسەر كاڵا هەناردەكراوەكانی چین بەڕێژەی 100% بەرزبكاتەوە، جگە لەو 30%یەی كە پێشتر بڕیاری لێدابوو، ئەم كارەش بەوتەی بەرپرسانی ئەوروپا، زیانی گەورەی بۆ وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەبێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان.
بەپێی داتاكان، چین رێژەی 90%ی كۆی كانزا دەگمەنەكانی جیهان بەرهەمدەهێنێت، كە لەزۆربەی پیشەسازییەكاندا بەكاردەهێنرێت و ئەوروپاش گەورەترین هاوردەكاری ئەو كانزایەیە.