پەكەكە: تەواوی هێزەكانمان لەتوركیا دەكشێنینەوە

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 65

راچڵەكین-

بەڕێوەبەرایەتیی تەڤگەر (پەكەكە) بۆ پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی، لە قۆناغی دووەمداو لەچوارچێوەی پرۆسەی چارەسەری،هەموو هێزەكانی گەریلای لە توركیاوە كشاندەوە بۆ هەرێمەكانی پاراستنی میدیا.

دەقی راگەیەندراوی پەكەكە لەبارەی كشانەوەی هێزەكانیان لەتوركیا:

بۆ رای گشتیی
 
دوای گەیشتنی شەڕ و پێكدادانەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە ئاستی مەترسی زۆر جدی لەسەر ئایندەی كورد و توركیا، ساڵی رابردوو لەسەر بانگەوازییەكانی سەرۆككۆماری توركیا و سەرۆكی گشتیی مەهەپە دەوڵەت باخچەلی و پاشان رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان پرۆسەیەك دەستیپێكرد و ئەم پرۆسەیەش كە بە بانگەوازی "ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك"ـی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شووباتی 2025ـدا بە ناسنامەی خۆی گەیشت، بە قۆناخێكی تا دواڕادە گرنگ و هەستیاردا دەگوزەرێت.
 
ئێمەی لایەنی كورد لەلایەن خۆمانەوە لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا لەسەر بنچینەی بانگەوازی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك هەنگاوی گەورەی مێژووییمان نا. دوابەدوای بانگەوازییەكە و لە رۆژی 1ـی ئاداردا بە ئامانجی بەرقەراركردنی زەمینەیەكی ئارام و ئاسوودە بۆ گفتوگۆكردن ئاگربەستمان راگەیاند.
 
رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە رێبازی گونجاو ئاراستەی نیشاندا و لەسەر ئەو بنەمایەش پەكەكە لە رۆژانی 5-7ـی ئایاردا، 12ـیە‌مین كۆنگرەی خۆی سازدا و بڕیارماندا بە كۆتاییهێنان بە هەبوونی رێكخراوەیی پەكەكە و ستراتیژییەتی تێكۆشانی چەكداری و ئەو بڕیارەشمان لەسەر زیاد كرد كە تەنیا بە سەرپەرشتیی راستەوخۆیانەی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەتوانرێت پراكتیزە بكرێن. دوای دوو مانگ و لە 11ـی تەمووزدا، دوای بانگەوازی بەدیمەنی رێبەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان گرووپی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك كە لە 30 كەس پێكهاتبوو و بە پێشەنگایەتی هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كەجەكە بەسێ هۆزات، لە مەراسیمێكدا چەكەكانیان سووتاند و بە ڕوونی و كرداریی هەڵوێست و بە بڕیارداریمانەوە لە كۆتاییهێنان بە تێكۆشانی چەكداری سەلماند.
 
ئەم هەنگاوە مێژووییانەی لایەنی كورد كە بە پێشەنگایەتیی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و پەكەكە ئەنجامی دان، كاریگەرییەكی قوڵی لە كەشوهەوای سیاسی و كۆمەڵایەتی توركیا كرد و گیان و ئیرادەیەكی نوێی لە بواری ئاشتی و دیموكراتیزەبووندا خستەڕوو. ئەم هەڵوێستە بوێرانە و فیداكارانەیەی كورد كە هەمیشە لایەنگری ئاشتی و دیموكراسی و ئازادیی بووە، بەشێوەیەكی گشتی لە ناوخۆ و دەرەوەی توركیاش پێشوازییەكی گەرمی لێكرا.
 
سەرەڕای هەڵوێستە ناتەواوەكانی لایەنی بەرامبەر، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان و بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستان بە ئامانجی وەلاوەنانی هەموو ئەو مەترسییە سەختانەی بەرۆكی كورد و توركیای گرتووە، بۆ ئەوەی بتوانرێت بناخەی ژیانی ئازادی، دیموكراتیك و برایەتی سەدەی داهاتوو دابنرێت و پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی بە قۆناخی دووەم بگەیەندرێت، لە هەوڵی هەنگاوی نوێی كردارییدایە. لەم چوارچێوەیەدا و لەسەر بنچینەی بەرنامە و بڕیارەكانی كۆنگرەی 12 و بە دەستووری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەستمانكرد بە هەنگاوی كشانەوەی ئەو هێزانەمان لە توركیا لەبەردەم ئەگەری مەترسی پێكداداندان و زەمینە لەبارن بۆ ڕوودانی ئەگەری نەخوازراو. كشانەوەكە لە ناوچە سنوورییەكانی توركیاوە بەرەو هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا دەكرێت و بەشێك لەو گرووپانەی گەیشتوون بە هەرێمەكانی پاراستنی مەدیا ئێستاكە لێرە ئامادەن و بەشدارن لەم كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا. هاوكات لەو سەنگەرانەی ناوچە سنوورییەكانیشدا كە ئەگەری پێكدانان و هەر ئەگەرێكی نەخوازراویان لەسەرە، ڕێوشوێنی هاوشێوە و سازەندانە گیراونەتەبەر.
 
بێگومان پراكتیك دەبێتە نیشاندەری ئاستی كاریگەری ئەم هەنگاوانەمان. بەڵام ئەم هەنگاوە كردارییانەشمان جارێكی تر بەبڕیاربوون و هەڵوێستی ڕوونمان سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆنگرەی 12 دەسەلمێنێت.
 
زۆر روون و ئاشكرایە كە ئێمە پابەندین بە بڕیارەكانی كۆنگرەی 12ـوە‌ و بەبڕیاریشین لە جێبەجێكردنی دا. بەڵام بۆ جێبەجێكردنییان پێویستە دەستبەجێ ئەو هەنگاوە یاسایی و سیاسییانەی پرۆسەكە بنرێن كە مەرجی بڕیارەكانی كۆنگرەی 12ـی پەكەكە بوون. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە یاسای ڕاگوزەری تایبەت به ‌پەكەكە بە بنچینە وەربگیردرێت و بۆ بەشداریكردن لە سیاسەتی دیموكراتییانەش دەستبەجێ یاساكانی پەیوەست بە ئازادی پێویست و ئەنتیگراسیۆنی دیموكراتی دەربكرێن.
 
بانگەوازییەكەمان بۆ تێكڕای گەلەكەمانە بەتایبەتیش ژنان و گەنجان. رۆژ؛ ڕۆژی چاوەڕوانیكردن نییە، رۆژی تێكۆشانی رێكخراوەییە بۆ بەدیهێنانی ژیانی ئازادی و دیموكراسی. هەر بۆیە هەر كەسێك خۆی لەم ژیانەدا دەبینێتەوە پێویستە لە ئاستی هەڵمەتی سەرتاسەریدا بۆ سەركەوتنی "پرۆسەی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتی" تێبكۆشێت.
 
مانیفێستی ئاشتی و كۆمەڵگەی دیموكراتیك مسۆگەر سەردەكەوێت.
 
٢٦/١٠/٢٠٢٥
 
بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیی

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن