راچڵەكین -
هەردوو حكومەتی عیراق و توركیا رێككەوتنێكیان لەبارەی پرسی ئاو واژۆكرد.
ئەمڕۆ یەكشەممە 2-11-2025، لە رێوڕەسمێكدا لە شاری بەغدا و بە چاودێریی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆكوەزیرانی عیراق، رێككەوتنێك لەبارەی پرسی ئاو لەنێوان د. فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عیراق و هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا واژۆكرا.
بەر لە واژۆكردنی رێككەوتنەكە، وەزیری دەرەوەی توركیا كە ئەمڕۆ بە سەردانێكی فەرمی گەیشتە بەغدا، لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عیراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ فوئاد حسێن، رایگەیاند: رێككەوتنی عیراق و توركیا لەبارەی ئاو، بابەتێكی زۆر گرنگە و توركیا هەرچییەكی پێ بكرێت بۆ هاوكاریكردنی عیراق، دەیكات.
واژۆكردنی رێككەوتنەكەی نێوان عیراق و توركیا لەبارەی پرسی ئاو، لەكاتێكدایە عیراق دووچاری قەیرانێكی سەختی كەمئاوی بووەتەوەو بەهۆی كەمكردنەوەی پێدانی بەشە ئاوی عیراق لەلایەن توركیاوە، ئاستی ئاوی هەردوو رووباری دیجلە فورات بەشێوەیەكی مەترسیدار كەمبووەتەوە.