نەخۆشخانەی هیوا لەسەر دەركردنی چەند كارمەندێك روونكردنەوە دەدات

کوردستان

17 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 584

راچڵەكین -

نەخۆشخانەی هیوا روونكردنەوە لەبارەی دەنگۆی لەسەركارلادانی چەند كارمەندێكی چێشتخانەی نەخۆشخانەكە دەدات و رایدەگەیەنێت: گرێبەستەكەیان كۆتایی هاتووە و كارەكەشیان دراوە بە كۆمپانیا.
  
لە روونكردنەوەكدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە 2-11-2025 نەخۆشخانەی هیوا بۆ ڕای گشتی بڵاویكردووەتەوە، تێیدا هاتووە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پۆستێك كراوە لەسەر نەخۆشخانەی هیوا گوایە چەند كارمەندێكی چێشتخانەی لەسەركار لاداوە، بەڵام ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە.

نەخۆشخانەكە بەچەند خاڵێك راستیی بابەتەكەی روونكردووەتەوە:

١- ئەم بەڕێزانە چەند ساڵێكە بەپێی گرێبەستێك لە نێوان نەخۆشخانەی هیواو ئەم بەڕێزانە ئەنجامدراو لە ڕێگەی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی و بە پێی رێنماییەكانی وەزارەتی دارایی مانگانە بڕی ملیۆنێك و 300 هەزار دیناریان وەك مووچە وەرگرتووە، وە بەپێی گرێبەستەكە هەموو هەفتەیەك لە ڕێگەی لیژنەی كڕینی خواردنەوە هەموو پێداویستییەكان بۆ ئەم چێشتخانەیە دابینكراوە بەپێی پارەی تەرخانكراو لە گرێبەستەكە،.

٢-ئەم كارمەندانە بە پێی ئەو گرێبەستەی كە هەیانبووە تا ٣٠-٦-٢٠٢٥ بەردەوام بوونە لە كارەكانیان بە پێی نوسراوی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی كە هاتوو دەبێت لە دوایی ٣٠-٦-٢٠٢٥ بدرێت بە كۆمپانیا لە ڕێگەی یاسا و ڕێنمایەكانەوە. بە پێی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران بە ژمارە ( ٧٠٥٧ ) لە بەرواری ٤-٦-٢٠٢٥ هەستاوین بە ئەنجامدانی پرۆسەی تەندەرین لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لە ئێستادا ئەم خزمەتە هەر بەردەوامەو بە ستافێكی جیاوازتر. بۆیە دڵنیایی دەدەین بە هاوڵاتیان كە ئێمە هەر كەسێك خزمەت بكات دەیخەینە سەرچاومان، بەڵام ناتوانین بەدەر لە ڕێنماییەكان كاربكەین.

٣- بەڕێوەبەری نەخۆشخانە وەك وەفایەك بۆ ستافی پێشوو، داوای لێكردوون بەردەوام بن و بمێننەوە، بەڵام بەپێی ڕێنمایی و یاسای وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ ئەو ستافە نوێەدا.

٤- بۆ زانیاری هەموولایەك ئێمە ساڵی پار لەڕێگەی ئیدارەی نەخۆشخانەی هیواوە چەندین جار تەكلیف كراوە تا كۆتا جار وەزیری دارایی لەسەر نوسراوی وەزارەت نوسیویانە ئەمە كۆتا جار دەبێت بە شێوەی راستەوخۆ ( تنفیذ مباشر ) وە تەنانە بەرێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا دكتۆر یاد نەقشبەندی خۆی بە شەخسی لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران قسەی كردووە پێیان ڕاگەیاندووە كە ناتوانن لەبەر ڕێنماییەكان شێوازی ڕاستەوخۆ ئەنجام بدەن، چونكە هەموو نەخۆشخانەیەك بە شێوەی تەندرەین كراوە.

 


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن