راچڵەكین -
بە فەرمانی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، بۆ ئەمساڵی خوێندن هەر خێزانێك دوو خوێندكار یان زیاتریان لە خوێندنی پارالێڵ یان ئێواران دەخوێنن، لێخۆشبوون بۆ هەریەكەیان بەڕێژەی 50% ئەنجامدەدرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا بڵاویكردەوە، بەپێی فەرمانێكی وەزاری بە ژمارە (20905) كە ئەمڕۆ یەكشەممە 2-11-2025 بە واژۆی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەرچووە، ئەو خێزانانەی دوو خوێندكار یان زیاتریان لە سیستەمی خوێندنی پارالێڵ یان ئێواران دەخوێنن، لێخۆشبوون بۆ هەریەكەیان بەڕێژەی (50٪) لە كرێی خوێندنەكەیان دەكرێت، بە هەمان شێوەی ساڵانی پێشوو.
فەرمانە وەزارییەكەی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، پاڵپشتە بە كۆنووسی كۆبوونەوەی ژمارە (1)ی ساڵی 2023ی ئەنجومەنی وەزارەت، تەوەری (دووەم) بڕگەی (دوانزەهەم)، و دوابەدوای فەرمانی وەزاریمان ژمارە (19226) لە (4/ 10/ 2023)، و فەرمانی وەزاریمان ژمارە (2661) لە (6/ 11/ 2024) سەبارەت بە داشكاندنی كرێی خوێندن لە زانكۆ حكومییەكانی هەرێمی كوردستان، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی دارایی و بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێمان دراوە، بڕیارمان دا بە:
• ئەو خێزانانەی دوو خوێندكار یان زیاتریان لە سیستەمی خوێندنی پارالێڵ یان ئێواران دەخوێنن، لێخۆشبون بۆ هەریەكەیان بەرێژەی (50٪) لە كرێی خوێندنەكەیان دەكرێت، بە هەمان شێوەی ساڵانی پێشوو.
• ئەم داشكاندنە لە بڕی پارەی داواكراو لەدوای داشكاندنی (45٪)ی كرێی خوێندن ئەژمار دەكرێت.
• ئەم داشكاندنە سەرجەم خوێندكارانی خوێندنی بەرایی و خوێندنی باڵا (دبلۆم، بەكالۆریۆس، دبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا) لە زانكۆ حكومییەكان دەگرێتەوە.
• ئەم بڕیارە بۆ ساڵی خوێندنی (2025- 2026) جێبەجێ دەكرێت.