راچڵەكین -
لەناوچەیەكی سەر سنووری عیراق، هێرش كرایە سەر سوپای سووریا و ژمارەیەك برینداری لێكەتەوە.
روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 2-11-2025، بە بۆمب هێرش كرایە سەر بارەگای فیرقەی 86ی سوپای سووریا لە شاری ئەلبوكەمال-ی سەر سنووری عیراق.
وەك لە راگەیەندراوەكەی روانگەی سووری هاتووە، لەكاتی دەرچوونی كاروانێكی سەربازیی سوپای سووریا لە بارەگاكەی لەسنووری پارێزگای ئەلبوكەمال، بۆمبێك بە ماتۆڕسكیلێكدا تەقییەوە، كە لەنزیك بارەگا سەربازییەكەی سووریا دانرابوو، بەهۆیەوە سێ سەرباز بریندار بوون، كە برینی یەكێكیان سەختە.
لەدوای رووداوەكە، هێزەكانی سوپای سووریا ئۆپەراسیۆنێكیان لەناوچەكە دەستپێكرد بەمەبەستی دەستگیركردنی ئەنجامدانی هێرشەكە، كە تائێستا هیچ لایەنێك بەرپرسیارییەتی خۆی لە رووداوەكە رانەگەیاندووە.