راچڵەكین-
سەرۆكی لیژنەی عەرەبی ئەمریكی بۆ ئاشتی و ناوبژیوانی لە غەززە دەڵێت، بزوتنەوەی حەماس كە پێشتر لەدانووستاندا بووە لەگەڵیداو بەهۆیەوە بارمەتەیەكی ئەمریكی- ئیسرائیلی ئازادكرا، ئامادەیی نیشانداوە بۆ داماڵینی چەك و جبەخانە قورسەكانی.
بەشارە بەحبەح، بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەت-ی راگەیاندووە:" بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا ئاگاداریان كردووەتەوە، واشنتۆن كراوەیە بۆ قبوڵكردنی گەڵاڵەیەك كە حەماس تەنها چەكە قورسەكانی رادەست بكات."
وتیشی:" بابەتی چەكداماڵینی حەماسم لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكادا تاوتوێكردووە، ئەوان پێیان راگەیاندم دەكرێت چەكداماڵین بەو شێوەیە تەماشا بكرێت كە حەماس چەكە قورسەكانی رادەست بكات و، چەكە تاكە كەسییەكان بهێڵێتەوە بۆ بەرگریكردن."
بەحبەح، ئەوەشی روونكردەوە:" لەگەڵ ئەو بەرپرسانەی حەماس-یش كە قسەم كردووە كراوە بوون بەڕووی ئەو جۆرە چەك دانانە كە تەنها چەكە قورسەكان بگرێتەوە."
ئەوەشی روونكردەوە:" حەماس پێیان راگەیاندووم كە پابەندن بەوەی هیچ چەكێك لەناو كەرتی غەززە پەرە پێنەدات و بەرێگای قاچاغیش هیچ چەكێكی بەدەست نەگات، ئەوەش دوو خاڵی گرنگن، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێـت چەكداماڵین خاپووركردنی تونێلەكانی غەززەش بگرێتەوە، ئەوەش پرۆسەیەكە چەند ساڵێك دەخایەنێت و كاریگەری دەبێت لەسەر بونیاتنانەوەی كەرتەكە لەبەرئەوەی لانی كەم 350 كیلۆمەتر تونێل لەژێر زەوی غەززە بوونی هەیە، ئیسرائیلیش دەڵێت 60%ی وێرانكردووە، بەڵام كەس راستییەكە نازانێت و لەو بڕوایەدا نیم حەماس-یش بزانێت بەدیاریكراوی چی لەناوبراوە."
سەبارەت بە نزیكترین سیناریۆ بۆ چەكداماڵینی حەماس، بەحبەح دەڵێت:" داماڵینی چەك داواكارییەكی سەرەكی ئیسرائیل و واشنتۆنە، ئەگەر هەیە بەو شێوەیەش بێت كە بەرپرسانی ئەمریكا پێیان وتم، چەكە قورسەكان رادەستی میسر یان لایەنێكی میسری-فەلەستینی بكرێن."