راچڵەكین -
هەڵبژاردنی شارەوانی نیویۆرك كۆتایی هات و بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەكانیش، زۆهران مامدانی، كە بە نەیارە سەرسەختەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دادەنرێت، توانی بەسەر ركابەرەكانیدا سەربكەوێت و بووە یەكەمین چەپ كە ئەو پۆستە بەدەستبهێنێت.
زۆهران مامدانی، كە گەنجێكی تەمەن 34 ساڵ-ی سەر بە بەرەی چەپی ناو حزبی دیموكراتە، توانی لە هەڵبژاردنی سەرۆكی شارەوانی نیویۆرك، بەسەر هەردوو ركابەرەكەی (ئەندرۆ كوۆمۆی حاكمی پێشووی نیویۆرك و كورتیس سلیوای كاندیدی كۆمارییەكان)دا سەربكەوێت و بەئەنجامێكی گەورە، هەڵبژاردنەكە بباتەوە.
لەیەكەم لێدوانیشدا دوای راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان و سەركەوتنی لە هەڵژاردنەكە، زۆهران مامدانی هێرشێكی توندی كردە سەر دۆناڵد ترەمپ و رایگەیاند: نیویۆرك ئەو شارەی كە ترەمپی پَگەیاند، دەتوانێت شكستیشی پێ بهێنێت.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ داوای لە دەنگدەرانی نیویۆرك كردبوو، لە هەڵبژاردنی سەرۆكی شارەوانیدا دەنگ بە مامدانی نەدەن، چونكە كەسێكی شیوعییە و زیانی بۆ هاووڵاتیانی شارەكە دەبێت، هەڕەشەی ئەوەشی كردبوو ئەگەر ئەو كاندیدە هەڵبژاردنەكە بباتەوە، ئەوا تەواوی بەشە بودجەی فیدراڵیی ویلایەتی نیویۆرك دەبڕێت.