راچڵەكین -
ئیدارەی ئەمریكا سزای بەسەر ژمارەیەك كەسایەتیدا سەپاند بە تۆمەتی ئاسانكاریی لە گواستنەوەی دەیان ملیۆن دۆلار لە ئێرانەوە بۆ حزبوڵڵای لوبنانی.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ژمارەیەك كەسایەتی كە تۆمەتبارن بە ئاسانكاری لە رەوانەكردنی دەیان ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2025، لە ئێرانەوە بۆ حزبوڵڵای لوبنانی، خرانە ناو لیستی سزادراوەكانەوە.
وەزارەتەكە بەبێ ئاشكراكردنی ناوی سزادراوەكان، ئاماژەی بەوەكردووە ئەو كەسانە سوودیان لە كۆمپانیاكانی حەواڵە لەناوخۆی لوبنان وەرگرتووە بۆ گواستنەوەی دەیان ملیۆن دۆلار لە ئێرانەوە بۆ بەرپرسانی حزبوڵڵا، كە ئەوانیش پارەكانیان بۆ بەهێزكردنەوەی توانا سەربازییەكانیان بەكارهێناوە.
ئەم رێوشوێنە نوێیەی ئەمریكا هاوكاتە لەگەڵ گوشارەكانی واشنتۆن بۆسەر حكومەتی لوبنان لەپێناو جێبەجێكردنی بڕیاری داماڵینی چەكی حزبوڵڵا، كە تائێستا نەتوانراوە جێبەجێ بكرێت و حزبوڵڵاش رەتیدەكاتەوە چەك و جبەخانەكانی رادەستی حكومەتی وڵاتەكەی بكات.