راچڵەكین -
ئیدارەی پارێزگای كەركوك بەبۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەوە، بڕیاریدا دەوامی فەرمی لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن بۆ ماوەی دوو رۆژ بكرێتە پشووی فەرمی.
دیوانی پارێزگای كەركوك لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بڕیاردرا دەوامی فەرمی لە سەرجەم قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و باخچەكانی منداڵان بۆ ماوەی دوو ڕۆژ (سبەی و دووسبەی) بكرێت بە پشوو تا كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنەكان.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك ڕوونیكردەوە كە بڕیاری راگەیاندنی پشوودان لە پێناو ئەم خاڵانەدا هاتووە:
زامنكردنی بەردەوامیی پرۆسەی خوێندن و یەكخستنی بەڕێوەچوونی وانەكان لە نێوان قوتابخانەكاندا.
زۆربەی قوتابخانەكان كراونەتە بنكەی دەنگدان بۆ هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی.
ڕەخساندنی دەرفەت بۆ هێزە ئەمنییەكان بۆ ئەوەی بتوانن ئەركەكانیان لە پاراستنی ئاسایش و سەرخستنی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ساڵی ٢٠٢٥ جێبەجێ بكەن.