راچڵەكین -
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەسڕە پێشوازیی لە ژمارەیەك فڕۆكەی نەفەرهەڵگری كوەیتی دەكات كە بەهۆی خراپیی رەوشی كەشوهەوای وڵاتەكەیان ناچاربوون لەو فڕۆكەخانەیە بنیشنەوە.
ئاسایشی فڕۆكەخانە نێودەوڵەتیی بەسڕە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ یەكشەممە 9-11-2025، رەزامەندییان بە 9 فڕۆكەی نەفەرهەڵگری كوەیتی داوە لە فڕۆكەخانەكەیان بنیشنەوە، كە بەهۆی خراپیی كەشوهەواوە نەیانتوانیوە لە فڕۆكەخانەكانی وڵاتەكەیان بنیشنەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، ئەمڕۆ كەشوهەوای كوەیت زۆر ناهەموار بووە، بەو هۆیەشەوە ئەو فڕۆكانەی گەشتیان بۆ فڕۆكەخانەكانی ئەو وڵاتە هەبوو، نەیانتوانیوە لەوێ بنشنەوەو ناچار بوون روو لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەسڕە بكەن.
هاوكات ئیدارەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی بەسڕەو، ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ پێشوازیكردن لە نیشتنەوەی هەر فڕۆكەیەك كە بەهەر هۆكارێك بێت توانای نیشتنەوەیان لە فڕۆكەخانەكانی كوەیت نابێت.