ماوەی دوورکەوتنەوەی ئارنۆڵد ئاشکرابوو

وەرزش

1 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 2536

ڕاچڵەکین سپۆرت -

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە یانەی ڕیال مەدرید دەستنیشانکردنی فەرمی پێکانەکەی ترێنت ئەلێکساندەر ئارنۆڵدی بەرگریکاری ڕاستی ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەنجامدانی پشکنینی پزیشکی لە دامەزراوەکانی یانەکەی.

ئارنۆڵد لە کاتی یارییەکەی تیپەکە بەرامبەر ئەتلەتیک بلباو تووشی پێکان بوو، کە دوێنێ چوارشەممە لە یاریگای سان مامێس، لە لالیگا بە بردنەوەی ڕیال مەدرید بە سێ گۆڵی بێ وەڵام کۆتایی هات.

یانەی ڕیال مەدرید لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕوونیکردەوە، لە پشکنینەکاندا دەرکەوتووە لە ماسولکەکانی قاچی چەپیدا دووچاری پێکانبووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ئارنۆڵد بەهۆی ئەو پێکانەوە بۆ 10 یاری داهاتوو دوور دەکەوێتەوە، دیارترینیان یارییەکانی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچستەر سیتی و مۆناکۆ و بێنفیکایە، ئەمە جگە لەوەی ئەگەری ئامادەنەبوونی لە یارییەکانی جامی سوپەری ئیسپانیا ئەگەر ڕیال مەدرید سەربکەوێت بۆ یاری کۆتایی.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئارنۆڵد لە یارییەکانی خولی ئیسپانیا بەرامبەر سیڤیلیا و ڕیال بیتیس و دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس ئامادە نابێت، ئەمەش گورزێکی کوشندەیە بۆ چابی ئەلۆنسۆی ڕاهێنەر، بەتایبەتی کە پێشتر یاریزانەکە لەم وەرزەدا بەهۆی پێکانەوە هاوشێوەی چەندین یاریی ئەم وەرزە یاریی نەکردووە.

لەلایەکی دیکەوە، پشکنینەکان دەریانخستووە کە پێکانەکەی ئێدواردۆ کاماڤینگا لە پاژنەی پێیدا قورس نییە، لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا چاودێری پزیشکی بەردەوامی بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی ئامادەبوونی بۆ یارییەکەی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ دیاری بکرێت کە بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە ئەنجام بدرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن