محەممەدی حاجی مەحمود: ئەنجامەكانی هەڵبژاردن شكستە بۆ حزبمان

کوردستان

17 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 141

راچڵەكین-

سەرۆكی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان دەڵێت، بەدەستنەهێنانی كورسی لەهەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، شكستە بۆ حزبەكەیان.

لەكۆبوونەوەی هەردوو ئەنجوومەنی (سەركردایەتی) و (ڕاوێژكاری و چاودێری) و بەرپرسی مەكتەب و مەڵبەندەكانی حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان كە رۆژی 16ی ئەم مانگە میوانخانەی ئاشتی لە گوندی گوڵەخانەی ناوچەی شارەزوور بەسەرپەرشتی محەممەدی حاجی مەحمود- سەركۆی حزبەكە بەرێوەچوو، هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران كرا.

وەك لەراگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، محەممەدی حاجی مەحمود، باسی لە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و لێكەوتەكانی كرد، بەتایبەت بۆ حزبی سۆسیال دیموكراتی كوردستان كە نەیتوانیوە دەنگی پێویست بۆ مسۆگەركردنی كورسی بەدەستبهێنێت و ئەنجامەكانی بە شكست بۆ حزب و ئەندامانی ئەژماركرد:" لەكاتێكدا حزبی سۆسیالست خاوەن مێژوویەكی دوور و درێژە لە خەبات و تێكۆشان و زیاتر لە ٤٥٠٠ شەهیدی بەخشیوە لەپێناو ئازادی ئەم خاكەدا."

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، محەممەدی حاجی مەحمود، داوایكرد:" لێكۆڵینەوەی ورد بكرێت لە هۆكاری كەمبوونەوەی دەنگەكانی حزبەكەو، لێپرسینەوە لەو ئەندامانە بكرێت كە كەمتەرخەم بوون و وەك پێویست ئەركەكانیان ڕانەپەڕاندووە و بەشێك بوون لە هۆكارەكان."

وەك لەراگەیەندراوەكەدا هاتووە:"لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا، بڕیاردرا بە گۆڕانكاری لە دەزگا و ئۆرگانەكانی حزب و داڕاشتنەوەی پەیكەری ڕێكخستنی مەكتەب و مەڵبەندەكان لەسەر تەرزێكی نوێ كە بگونجێت لەگەڵ دۆخ و قۆناغەكەدا."

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا، بەپێویست زانراوە :"بۆ پاراستنی فرەیی حزبی و مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان و بەفیڕۆنەدانی دەنگەكانی كورد، بۆلەمەودوا كۆتایی بە سیستمی سانتلیگۆ بهێنرێت و لەبەرامبەردا سیستمی یەكبازنەیی لە هەڵبژاردنەكان پیادەبكرێت ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و بەرقەراربوونی ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتەكەدا."

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن