وێنە.. ئەرشیف
راچڵەكین -
دوای ئەوەی دوێنێ سوپای رووسیا كۆنترۆڵكردنی تەواوەتیی شاری كۆبیانسك-ی لە رۆژهەڵاتی ئۆكراینا راگەیاند، ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە بڵاویكردەوە، هێزەكانیان دەستیان بەسەر چەند شارۆچكەیەكی دیكەی ئۆكراینادا گرتووە و لە پێشڕەوییەكانیشیان بەردەوامن.
ئەمڕۆ هەینی 21-11-2025، وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزەكانیان لەسەرجەم بەرەكانی جەنگ لە پێشڕەویی بەردەوامدان و جگە لە كۆنترۆڵكردنی شاری كۆبیانسك لە هەرێمی خاركۆڤ-ی رۆژهەلاتی ئۆكراینا، شەش شارۆچكەی دیكەیان لە كۆماری دۆنێتسك و هەردوو هەرێمی خاركۆڤ و دنیبرۆڤیسك كۆنترۆڵ كرد.
وەزارەتەكە ئاشكرایكردوو، لەماوەی هەفتەی رابردوودا 10 هەزار و 125 سەربازی ئۆكراینا و چەكدارە بیانییە بەكرێگیراوەكان لە بەرەكانی جەنگدا كوژراون و تەرمی زۆربەی كوژراوەكانیش كەوتووەتە دەست سوپای رووسیا.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، سوپای ئۆكراینا چەند هێرشێكی پێچەوانەی ئەنجامداوە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ئەو ناوچانەی لەدەستی داون، بەڵام سەرجەم هێرشەكان شكستیان هێناوەو هێزەكانیشیان ناچار بوون پاشەكشە بكەن، ئەمەش دوای ژمارەیەكی زۆر سەربازیان كوژران و دەیان تانك و سەكۆی مووشەكیشیان لەناوبران.