وڵاتانی پاڵپشتی ئۆكراینا پلانەكەی ترەمپ رەتدەكەنەوە

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 213

راچڵەكین -

وڵاتانی پاڵپشتی ئۆكراینا هەڵوێستی خۆیان لەبارەی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی كۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكراینا دەردەبڕن و رایدەگەیەنن: پلانەكە بەم شێوازەی ئێستای قبوڵ ناكەین و دەبێ گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە بكرێت.

ئەمڕۆ شەممە 22-11-2025، سەركردەكانی هەریەك لە وڵاتانی ئەڵمانیا، بەریتانیا، فەرەنسا، كەنەدا، هۆڵەندا، فنلەندا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، ئیسپانیا، نەرویج و ئێرلەندا، لە پەراوێزی بەشداریكردنیان لە لوتكەی گروپی (G20) كە لە ئەفریقای باشوور بەڕێوەچوو، كۆبوونەوەو و راگەیەندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، پلانەكەی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كۆتایی هێنان بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكراینا كە لە 28 خاڵ پێكهاتووە، بە ناوەڕۆكی ئێستای رەتدەكەینەوە، پلانەكە هەرچەندە بنەمای گرنگی تێدایە بۆ بەرقەراركردنی ئاشتییەكی داپەروەرانەو هەمیشەیی، بەڵام پێویستی بە كاری زیاتر و گفتوگۆی زیاترە.

سەرۆك  سەركردەی وتانی پاڵپشتی ئۆكراینا، ناڕەزاییان بەرامبەر ئەو بەشەی پلانەكە دەربڕیوە كە سازشی گەورەی بۆ رووسیا تێدایە و هاوكات كۆتوبەندی زۆریش خراوەتە سەر سوپای ئۆكراینا، كە ئەگەری هەیە لە داهاتوودا وڵاتەكە دووچاری هێرشی سەربازی ببێتەوە، جەختیان لەوەشكردووەتەوە كە بەهیچ شێوەیەك قبوڵ ناكەن سنوورەكان بە زەبری هێز گۆڕانكاریی تێدا بكرێت.

هەڵویستی ئەم وڵاتانە كە بە هاوكار و پاڵپشتی سەرەكیی ئۆكراینا دادەنرێن لە شەڕی دژ بە رووسیا، لەكاتێكدایە ئەمریكا مۆڵەتی چەند رۆژێكی بە ئۆكراینا داوە بۆ واژۆكردنی پلانەكەی ترەمپ بەبێ دەستكاریكردنی ناوەڕۆكەكەی، بە پێچەوانەوە هەموو جۆرە پشتیوانییەكەی لەڕووی سەربازییەوە بۆ كیێڤ رادەگرێت و دەست رووسیاش واڵا دەكات بۆ داگیركردنی رووبەری زیاتر خاكی ئەو وڵاتە.

بەگوێرەی ناوەڕۆكی پلانەكەی ترەمپ، دەبێ بە فەرمی دان بە ناوچەكانی كرێمیا و لۆهانسك و دۆنێتسك بنرێت وەك بەشێك لە خاكی رووسیا، لە بەرامبەردا چیتر رێگە بە رووسیا نادرێت هێرشی زیاتر بكاتە سەر ئۆكراینا و وڵاتەكەش مافی بوونە ئەندامی لە یەكێتی ئەوروپا دەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن