راچڵەكین-
نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلایەن هێزەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی " دەسەڵاتی تەواوی پێدراوە" بۆ رێكەوتن لەسەر هەرسێ پۆستە سەرۆكایەتییەكەی عیراق، وەك سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ماڵپەری شەرقولئەوسەت-ی راگەیاندووە.
هاوكات چەند سەرچاوەیەكی تر، ئاشكرایانكردووە ئەو كاندیدەی لەلایەن مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو پشتیوانی دەكرێت، لەپێش سەرجەم كاندیدەكانی ترەوە دێت و، لەحاڵەتی دەستنیشانكردنیدا پابەندكراوە بە جێبەجێكردنی مەرجەكانی گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی كە پێشتر لەسەری رێككەوتوون.
هەرچەندە رۆژی شەممە 22ی تشرینی دووەم، حزبی دەعوەی ئیسلامی بەكۆی دەنگ بڕیاریدا بە كاندیدكردنی نوری مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو، بەڵام بەووتەی ئەو سەرچاوانە، كاندیدكردنی مالیكی تەنها بۆ بەهێزكردنی پێگەكەیەتی لە دانووستانەكان و پشتیوانیكردنی كاندیدەكەی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران.
پێدەچێت كاندیدەكەی مالیكی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو لەدەرەوەی حزبی دەعوەی ئیسلامی بێت و رەزامەندی فراوانی لایەنە شیعەكانی لەسەرە، جگە لەوە لەلایەن هێزە كوردی و سوننەكان پەسەندكراوەو، لەلایەن واشنتۆن و تاران-ەوە هیچ هەستیارییەكی لەسەر نییە، ئەوەش وا دەكات بژاردەیەكی تەوافوقی بێت و لەئاستی ناوخۆو دەرەوە پەسەندكراو بێت.
سەرچاوەكەی شەرقولئەوسەت ئەوەشی روونكردووەتەوە، راگەیاندنی ناوی كاندیدی پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتووی عیراق ئاشكرا ناكرێت، تا ئەو كاتەی لایەنە كوردی و سونییەكان، كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆككۆمارو سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران دیاری نەكەن.
بەشێك لەمەرجەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ كاندیدی داهاتووی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عیراق ئەوەیە كە نابێت هیچ حزبێكی سیاسی دابمەزرێنێت، یان كێبڕكێی لایەنە شیعییەكان بكات لەسەر دەسەڵات، پێویستە كار بكات لەسەر چارەسەركردنی قەیرانی دارایی و قەرزی كەڵەكەبوو، جگە لەوە كار بكات بۆ هێوركردنەوەی شەقام و رێگریكردن لەئەگەری هەر خۆپیشاندانێك چ لەلایەن رەوتی سەدر یاخود هەر هێزێكی مەدەنی بێت.