راچڵەكین-
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایدەگەیەنێت، تەرمی ئەو گەنجەی كەلار كەدوای شەش رۆژ دۆزرایەوە، ئاسەواری هیچ جۆرە فیشەك و ئەشكەنجەدانێكی پێوەدیارنییەو بۆپشكنینی زیاتر رەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراوە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2025 عەقیدی مافپەروەر عەلی جەمال قدووری وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، بەماڵپەری فەرمی یەكێتی راگەیاندووە:"دوانیوەڕۆی رۆژی 22ی 11ی 2025، لە گوندی كانی ماسی سەر بەناحییەی قۆرەتوو، تەرمی مەهدی محەمەد خالید لەدایكبووی ساڵی 1999 دانیشتووی گەڕەكی كەلاری كۆنی قەزای كەلار بەخنكاوی لەڕوباری سیروان دۆزرایەوە، ناوبراو ماوەی شەش رۆژە لەماڵ دەرچوو بوو نەگەڕابووەوە كەسوكاری سكاڵایان هێنایە لای پۆلیس."
"دوای لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون و سوودبینین لەكامێرای چاودێری و گەڕانێكی بەرفراوان لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەو ئۆپراسێون و ئاسایش و پۆلیس و چەندین هاووڵاتی خۆبەخش و كەسوكاری قوربانێكە ئێوارەی رۆژی شەممە تەرمەكەی بەخنكاوی دۆزرایەوە و دوای پشكنین وتوێكاری لەپزیشكی دادی قەزای كەلار ناوبراو ئاسەواری هیچ جۆرە فیشەك و ئەشكەنجەدانێك بە جەستەیەوە نییە و بۆپشكنینی زیاتر رەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی كراوە." وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان وادەڵێت.
لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر، پۆلیسی گەرمیان لەسەرچۆنێتی رووداوەكە دەستیان بەلێكۆڵینەوە كردووە.