رێڕەوێكی ئابووری لەنێوان ئیسرائیل و هیندستان دروستدەكرێت

جیهان

5 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 254

راچڵەكین -

هەردوو حكومەتی ئیسرائیل و هیندستان كار بۆ دروستكردنی رێڕەوێكی ئابووری دەكەن كە لە هیندستانەوە دەستپێدەكات و بە ئیسرائیلەوە تێپەڕدەبێت بۆ كیشوەری ئەوروپا.

ئەمڕۆ یەكشەممە بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆكی حكومەتی ئیسرائیل، لە نوسینگەی تایبەتی خۆی لەشاری قودس، پێشوازی لە بیوش جویال، وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هیندستان كرد، كە بە سەردانێكی فەرمی گەیشتووەتە ئیسرائیل.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان ئیسرائیل و هیندستان كرا لەسەرجەم بوارەكاندا، بەتایبەتیش بواری بازرگانی و پیشەسازی و فراوانكردنی ئاستی وەبەرهێنان.

سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل و وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی هیندستان، باسیان لە پەرەپێدانی بازرگانیی ئازاد كرد لەنێوان هەردوو وڵات لەڕێگەی دروستكردنی رێڕەوێكی ئابووری و بازرگانی، كە لە هیندستانەوە دەستپێدەكات و بەچەند وڵاتێكدا تێپەڕدەبێت تا دەگاتە ئیسرائیل، لەوێشەوە هەردوو وڵات بە كیشوەری ئەوروپا دەبەستێتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن