قۆناغی دووەمی خۆتۆماركردن لە پسووڵەی ئەلیكترۆنی خۆراك كەی كارا دەبێت؟

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 409

راچڵەكین-

94%ی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان خۆیان لە پسووڵەی ئەلیكترۆنی خۆراك تۆماركردووە، بەمنزیكانەش قۆناغی دووەم كارا دەكرێت. وەك بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەممە 23ی تشرینی دووەمی 2025 نەوزاد شێخ كامیل بەمیدیای نزیك لەپارتی راگەیاندووە: "لە مانگی ئایاری ئەمساڵەوە دەست كراوە بە ئەلیكترۆنیكردنی فۆرمی خۆراك، لە 3ی تەمووز كۆتایی بە پرۆسەكە هات. دوای ئەوە داوامان كرد وادەكەی درێژ بكرێتەوە چەند جارێك درێژ كرایەوە. ڕۆژی 20ی تشرینی دووەم قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە كۆتایی هاتووە، بەم نزیكانە دەست دەكەین بە قۆناغی دووەم."

لە ماوەی نزیكەی شەش مانگی ڕابردوودا، نزیكەی 94%ی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان فۆرمی نوێی خۆراكیان پڕكردووەتەوە، ئەوانەشی كە ماونەتەوە نزیكەی 294 هەزار هاووڵاتین كە دەتوانن لە قۆناغەكانی داهاووتدا فۆرمەكە پڕبكەنەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێمی كوردستان روونیكردەوە، قۆناغی یەكەم گرنگترین بەشی پرۆسەكە بووە، دوای تەواوبوونی دەست دەكرێت بە قۆناغی دووەم، كە تۆماركردنی خزمەتگوزارییەكان لە خۆدەگرێت:"ئامادەكارییەكان بۆ قۆناغی داهاتوو كۆتایی هاتووە و لە ئایندەیەكی هاووڵاتییان دەتوانن زیادكردنی منداڵ، هەروەها گواستنەوەی بریكار و ئەوانەی كێشەی كارتی نیستمانییان هەبووە لەم قۆناغەدا ئەنجام بدەن."

 
 
 
 
 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن