راچڵەكین-
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستیكردووە بە وەرگرتنەوەی سەرجەم ئەو پۆستە ئیدارییانەی لە ساڵی 2014 وە لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە لای بزووتنەوەی گۆڕانن، بە پۆستی پارێزگاری سلێمانیشەوە. وەك میدیای یەكێتی بڵاویكردووەتەوە.
عەتا محەمەد، بەرپرسی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی لە سلێمانی ڕایگەیاندووە، پڕۆسەی وەرگرتنەوەی پۆستەكان گشتگیرە و "سەرجەم ئاستەكان دەگرێتەوە، بە پۆستی پارێزگاری سلێمانیشەوە".
" بەهۆی ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەڵوەشاوەتەوە، یەكێتی ناتوانێت لەوێوە متمانە وەربگرێتەوە، بۆیە پەنای بۆ ڕێكاری ئیداری بردووە، گۆڕانكارییەكان لەڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە بە فەرمانی ئیداری جێبەجێ دەكرێن." عەبدولقادر ساڵح، ڕاوێژكاری یاسایی وا دەڵێت.
بەگوێرەی زانیارییەكان، بزووتنەوەی گۆڕان نزیكەی 30 پۆستی لە دەستدابووە، تائێستا 10 پۆستیان لێ وەرگیراوەتەوە كە بریتین لە ( پێنج بەڕێوەبەری گشتی، دوو قائیمقام و دوو بەڕێوەبەری ناحیە)
بەگوێرەی میدیای یەكێتی بێت، نزیكەی 5 بەرپرس و هەڵسوڕاوی گۆڕان كە لە پۆستی قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەدان، بوونەتە یەكێتی بۆ ئەوەی لە پۆستەكانیان بمێننەوە.