راچڵەكین -
مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی كۆدەبێتەوەو پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و تێڕوانین و ستراتیژی یەكێتی بۆ پێكهێنانی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ، لە تەرەوە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكە بوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێك كە وێنەیەكی دەست راچڵەكین كەوتووە، ئەمڕۆ دووشەممە 1-12-2025، لە كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیدا جەخت لەوە كرایەوە كە یەكێتی دەوری خۆی دەگێڕێ و هێزی كۆمەڵانیی خەڵكی كوردستان دەبێت لەگەڵ هاوپەیمان و لایەنە سیاسیەكانی عیراق بۆ بەدیهێنانی عیراقێكی بەهێز و سەربەخۆ، كە بگات بە ئاستی چاوەڕوانی گەلەكەی و بە پرۆژەیەكی سیاسی و ئابووریی نوێ خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵكی عیراق بە هەموو نەتەوە و مەزهەب و پێكهاتەكانییەوە بكات بەبێ جیاوازی.
دەقی راگەیەندراوەكە:
بەسەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، رێككەوتی 1/12/2025، كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان بەڕێوەچوو.
تەوەرە سەرەكییەكانی كۆبوونەوەكە بریتیبوون لە، پرسی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و تێڕوانین و ستراتیژی یەكێتی بۆ پێكهێنانی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ.
جەخت لەوەكرایەوە، مەهامی یەكێتی بۆ پێكهێنانی هەردوو حكومەت خزمەتكردنی هاوڵاتییان و سەرجەم چین و توێژەكانە بەبێ جیاوازی.
كۆبوونەوە جەختی كردەوە، كە یەكێتی دەوری خۆی دەگێڕێ و هێزی كۆمەڵانیی خەڵكی كوردستان دەبێت لەگەڵ هاوپەیمان و لایەنە سیاسیەكانی عیراق بۆ بەدیهێنانی عیراقێكی بەهێز و سەربەخۆ، كە بگات بە ئاستی چاوەڕوانی گەلەكەی و بە پرۆژەیەكی سیاسی و ئابووریی نوێ خزمەت بە كۆمەڵانی خەڵكی عیراق بە هەموو نەتەوە و مەزهەب و پێكهاتەكانییەوە بكات بەبێ جیاوازی.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا، هەڤاڵی تێكۆشەر و خۆشەویست، دوای 49 ساڵ خەبات و قوربانیدان، هەروەها ئامادەبوونی لەهەموو قۆناغەكانی شاخ و شار، هەڤاڵی تێكۆشەر (شاڵاو شەهید عەلی عەسكەری)، بەویستی خۆی داوای لە هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی كرد، دەستبەرداری پۆستی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ببێت. لە وتەكانیدا ئاماژەی بەوەدا، كە لە دەرەوەی ئۆرگان و بەرپرسیارێتی حزبی داكۆكیكارێكی سەرسەختی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەبێت و لەهەر وێستگەیەكی خەباتیشدا لەپێناو یەكێتی ئامادەیی دەبێت.
لەبەرامبەردا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ستایشی خەبات و قوربانیدان و تێكۆشانی خۆی و خانەوادە سەربەرزەكەیانی كرد. هەروەك رۆڵی هەڤاڵ شاڵاوی بەرز نرخاند، لەو دەستپێشخەرییەی بۆ دەستبەرداربوون لەپۆستەكەی كردوویەتی و ووتی، "دەگمەنن ئەو سەركردانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە ئارەزووی خۆی دەستبەرداری پۆست دەبن، ئەوەی باوە بەرپرسانی ناوچەكە هێندە لە پۆستەكانیان دەمێننەوە، كە خەڵك كارە باشەكانیان لەیاد دەكەن، بۆیە ئەوەی هەڤاڵ شاڵاو ئەمڕۆ كردی نموونەی سەركردەیەكی سەربەرز و بوێر و نیشتیمان پەروەرە".
هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، رۆڵی هەڤاڵ شاڵاویان بەرز نرخاند، لەبەرامبەر خەبات و تێكۆشانی چەندین ساڵەی رابردووی لەنێو ریزەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.