یۆنان بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار چەك لە ئیسرائیل دەكرێت

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 251

راچڵەكین -

پەرلەمانی یۆنان رەزامەندی نیشاندا لەسەر گرێبەستی كڕینی چەك لە ئیسرائیل كە بەهاكەی دەگاتە زیاتر لە 757 ملیۆن دۆلار.

میدیاكانی یۆنان بڵاویانكردەوە، درەنگانی شەوی رابردوو لیژنەی بەرگریی لە پەلەمانی ئەو وڵاتە لە دانیشتنێكدا رەزامەندیی لەسەر گرێبەستی كڕینی چەك و سیستمی سەربازیی لە ئیسرائیل دەربڕی.

گرێبەستەكە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی یۆنانەوە ئاڕاستەی پەرلەمان كرابوو، كە تایبەتە بە كڕینی 36 سیستمی مووشەكی لە جۆری (B.U.L.S) كە بە یەكێك لە پێشكەوتووترین سیستمە مووشەكییەكان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت و لەلایەن كۆمپانیاكانی ئیسرائیلەوە بەرهەمەهێنرێت.

بەهای گرێبەستە سەربازییەكە 757 ملیۆن و 840 هەزار دۆلارە، ئەمەش لەچوارچێوەی پلانێكی حكومەتی یۆنان دێت بۆ بەهێزكردنی توانا سەربازییەكانی سوپای وڵاتەكە، كە بەپێی پلانەكە، تا ساڵی 2036 حكومەتی ئەسینا بڕی 36 ملیار و 660 ملیۆن دۆلار لە كڕینی چەك و تەقەمەنی خەرجدەكات.

وەزارەتی بەرگریی یۆنان جگە لە كڕینی ئەو سیستمە مووشەكییە، بەنیازە سیستمێكی دژە فڕۆكە و مووشەك بە بەهای سێ ملیار یۆرۆ لە ئیسرائیل بكڕێت.

یۆنان پەیوەندییەكی بەهێز و پتەوی ئابووری و دیپلۆماسی و سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، لەچەند ساڵی رابردووشدا چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سەربازییان ئەنجامداوە، هەرەها سەنتەرێكی هاوبەشی مەشق و راهێنانی ئاسمانییان لە باشووری یۆنان هەیە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن