راچڵەكین -
رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاریدا ماوەی كاركردنی ئاژانسی بەهاناوەچوون و كارپێكردنی ئاوارەكانی فەلەستین (ئۆنراوا) بۆماوەی سێ ساڵی دیكە درێژبكاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 5-12-2025، ئەنجومەنی گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا چەند بڕیارێكی بەزۆرینەی دەنگ پەسەندكرد، یەكێك لە بڕیارەكان درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی ئاژانسی ئۆنروا بوو بۆ سێ ساڵی دیكە.
بڕیارەكە 145 دەنگی بەڵێ و 10 دەنگی نەخێری بەدەستهێنا، نوێنەری 18 وڵاتیش دەنگی نەدا، بەو جۆرەش ئاژانسی ئۆنروا كە كار لەسەر هاوكاریكردنی ئاوارەكانی فەلەستین دەكات لەناوخۆی ئیسرائیل و كەناری رۆژئاوا و ئەو وڵاتانەی كە پەنابەری فەلەستینی لێیە، بۆماوەی سێ ساڵی دیكە لەكارەكانی بەردەوام دەبێت.
بڕیارەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان لەكاتێكدایە، حكومەتی ئیسرائیل ئامادە نییە بەهیچ جۆرێك كار لەگەڵ ئۆنروا بكات، ئەمەش دوای ئەوەی لە 18-10-2024 پەرلەمانی ئەو وڵاتە (كنێست) بە زۆرینەی دەنگ پڕۆەژیاسایەكی تایبەت بە قەدەغەكردنی كاركردنی ئۆنروا لەناوخۆی ئیسرائیل و كەناری رۆژئاوا و كەرتی غەززە پەسەندكرد، ئەمەش دوای ئاشكرابوو كە ژمارەیەك لە كارمەندە فەلەستینییەكانی ئاژانسەكە لە هێرشە تیرۆریستییەكەی 7ی ئۆكتۆبەری 2023 بۆسەر شارۆچكەكانی ئیسرائیل تێوەگلابوون، بەو هۆیەشەوە چەندین وڵاتی جیهان، لەوانەش ئەمریكاو بەریتانیا هاوكارییە داراییەكانیان بۆ ئاژانسەكە راگرت.
ئاژانسی ئۆنروا لەساڵی 1949 لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە دامەزراوەو تایبەتە بە پێشكەشكردنی هاوكاری و پاراستنی ئاوارەكانی فەلەستین لە كەناری رۆژئاوا و كەرتی غەززە و هەرسێ وڵاتی ئوردن، لوبنان و سووریا، بودجەی رێكخراوەكەش لەلایەن وڵاتانی كۆمەكبەخشەوە دابین دەكرێت، كە زۆرترین بڕی پارە لەلایەن ئەمریكاوە پێشكەش دەكرێت.