پۆلیسی هەولێر لەسەر گیانلەدەستدانی دوو پاسەوانی پرۆژەیەكی نیشتەجێبوون دێتەدەنگ

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 117

راچڵەكین -

پۆلیسی هەولێر روونكردنەوە لەبارەی گیانلەدەستدانی دوو كارمەندی سكیوریتی دەدات بەهۆی رووداوێكی هاتووچۆوە و رایدەگەیەنێت: شۆفێرێك بە ئۆتۆمبێلێكی وەزارەتی پێشمەرگەوە خۆی پێداكێشاون و تۆمەتبارەكەش دەستگیركراوە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سەبارەت بەو ڕووداوەی هاتوچۆ كە لە شەوی ٤-١٢-٢٠٢٥ لە شەقامی ٤۰ مەتریی شاری هەولێر لە بەردەم شوقەكانی (بولیڤارد) ڕوویدا و بە هۆیەوە دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا، لە لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوت كە ئۆتۆمبێلێكی جۆری (تۆیۆتا  - پیك اب دەبڵ قەمەرە) بە ژمارە (٥٤٢٧/ وەزارەتی پێشمەرگە) شوفێرەكەی بەناوی (م. ٲ. م) ماددەی كحولی بەكارهێنابوو و خۆی كێشاوە بە ئۆتۆمبێلی جۆری مارسدیس شوفێرەكەی بە ناوی (هەژان هیوا عمر) لە بەردەم شوقەكاندا وەستاوە و قسەی لەگەڵ دوو كارمەندی سكیوریتی كردووە بە مەبەستی چوونەژوورەوە، لە ئەنجامدا هەردوو كارمەندی سكیوریتی بە ناوەكانی (محەمەد سەردار موحسین) و (ئەحمەد محەمەد شەریف) بە هۆی پێكدادانەكەوە گیان لەدەستدەدەن و زیانێكی زۆریش بەر ئۆتۆمبێلی جۆری مارسدیس دەكەوێت.

پۆلیسی هەولێر ئاشكراشیكردووە، بەپێی هێڵكاری كە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر ئەنجامی داوە، شوفێری ئۆتۆمبێلێ جۆری (پیك اب) ١٠٠٪ كەمتەرخەم بووە، بۆیە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كرایەوە و شوفێرەكە بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە و بەپێی ماددە ٢٤ ی هاتوچۆ ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن